کاردانەوەی وڵاتان لەبارەی راگەیاندنی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لەلایەن ئەمریکا

رووداو- هەولێر 

دوای راگەیاندنی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدای، خەلیفەی داعش لەلایەن ئەمریکاوە، رووسیا، ئێران، فەرەنسا، ئیسرائیل تورکیا و عێراق هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی چۆنییەتی کوشتنی بەغدادی راگەیاند.  وەزارەتی بەرگری رووسیا دەڵێت: ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە نەبوون و زانیاری باوەڕپێکراویان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە نەبووە.
 
ئیگۆر کۆناشینکۆف، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکیدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا بۆ کوشتنی بەغدادی لە باکووری رۆژئاوای سووریا رایگەیاند، سوپای رووسیا زانیاری باوەڕپێکراوی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە نەبووە. 
 
کۆناشینکۆڤ راشیگەیاندووە، مۆسکۆ ئاگاداری هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبووە لە ناوچەکەدا.
 
گوتەکانی کۆناشینکۆڤ لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە گوتەیەکیدا لەبارەی کوژرانی بەغدادی سوپاسی رووسیا، تورکیا، سووریا، عێراق و هێزە کوردییەکانی کرد، کە هاوکاربوون لە کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی.
 
ئێران: کوژرانی بەغدادی شتێکی ئەوەندە گرنگ نییە
 
محەممەد جەواد ئازەری، وەزیری گواستنەوەی و گەیاندنی ئێران لە توویتێکیدا نووسیوویەتی، کوشتنی بەغدادی لەلایەن ئەمریکاوە شتێکی ئەوەندە گرنگ نییە.
 
ئازارەی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمریکا کەسێکی کوشتووە کە دروستکراوی خۆیەتی بۆیەش ئەوەندە گرنگ نییە وەک ئەمریکا باسی لێوەدەکات.
 
ئەردۆغان: کوژرانی بەغدادی خاڵێکی وەرچەرخانە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە توویتێکیدا باسی لە کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش کرد و  نوسیوێتی: "تورکیا هەروەکو پێشتر بەردەوامدەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. کوژرانی بەغدادی خاڵێکی وەرچەرخانە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها ئاماژەیکردووە وڵاتەکەی بەردەوامدەبێ لە پشتیوانیکردنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوکات بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم پێشهاتە دەکەن.
 
عێراق: دەزگای هەواڵگری عێراق شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی دیاریکردووە 
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی دوای بەدواداچوونی بەردەوام و دروستکردنی تیمێکی کاری پسپۆر بەدرێژایی ساڵێکی تەواو پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگری کاریکردووە بۆ دیاریکردنی موڵگەی ئەبوبەکر بەغدادی و ئەوانەی لەگەڵی بوونە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق زیاتر روونیکردەوە دەزگای هەواڵگری عێراقی شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی لە پارێزگای ئیدلب لە سووریا دیاریکردووە لەسەر ئەم بنەمایە هێزێکی ئەمریکی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجامداوە و ئەبوبەکر بەغدادی و ئەوانەی لەگەڵی بوونە لەنێوبردوون. 
 
جەبار یاوەر: ئاگاداری وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی نیم
 
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: ئاگاداری وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی نین.
 
جەبار یاوەر، ئەمیندار و گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند:"وەکو خۆم ئاگاداری وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی نیم، سەبارەت بە رێوشوێنە ئەمنییەکان، هێلی بەرگری پاراستنی هەرێمی کوردستان لە خانەقین تاوەکو رەبیعە بەردەوام هێزەکانمان لەو هێڵەدان و لە وریایی تەواودان بۆ پاراستنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان."
 
ئەمریکا: ترسی هێرشی تۆڵەسەندەنەوە لەلاین داعشەوە هەیە
 
لەدوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریکا، ئێستا ترسی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن داعشەوە لە نێو خۆی ئەمریکاوە هەیە. وەزارەتی ئاسایشی نێخۆی ئەمریکا، ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی تۆڵە سەندنەوە لەلایەن داعشەوە لە نێوخۆی ئەمریکا.
 
هاوکات ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا و ئێف بی ئای دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە و چاودێری وردیان خستووەتە سەر ئەو کەسانەی گوماندەکرێت لە داعشەوە نزیکبن، هەروەها دڵنیان داوە کە تاوەکو ئێستا هیچ هەڕەشەیەکی داعش بۆسەر ئاسایشی گشتی ئەمریکا لە ئارادا نییە. 
 
سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران: لە تەلەڤزیۆنەوە زانیوومە بەغدادی مردووە
 
چەک شوومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک رایگەیاند، ئاگاداری کوشتنی بەغدادی نەبووە، بەڵکو لە تەلەڤزیۆنەوە هەواڵەکەی بیستووە.
 
شوومەر راشیگەیاند، کوژرانی بەغدادی شتێکی گرنگە، چونکە ئەو کەسێکی مەترسیداربوو، بەڵام شەڕی داعش بە کوژرانی ئەو کۆتایی نەهاتووە و هێشتا شەڕی داعش بەردەوامە.
 
چەک شوومەر گوتیشی، درەنگانی ئەمڕۆ زانیاری دیکەی لەبارەی کوژرانی بەغدادی پێدەگات و ئەو کاتە لە راگەیێندراوێکدا بۆچوونی خۆی بەتەواوەتی لەوبارەوە دەخاتەروو.
 
ماکرۆن: مردنی بەغدادی گورزێکە لە داعش
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە توویتێکیدا نووسیوویەتی، کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی گورزێکە لە داعش، بەڵام ئەوە تەنیا هەنگاوێکە.
 
سەرۆکی فەرەنسا لە توویتەکەیدا نووسیوویەتی، شەڕی دژی داعش لەلایەن هاوبەشەکانیان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە تاوەکو ئەو رێکخراوە بەتەواوەتی تێکدەشکێت، ئەوەش ئامانجی لە پێشینەی فەرەنسایە لە ناوچەکەدا.
 
ناتەنیاهوو پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات 
 
بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکیدا رایگەیاند، ''دەمەوێت پیرۆزبایی لە سەرۆک ترەمپ بکەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتەی بۆ کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش".
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، هێشتا هەڕەشەکانی داعش کۆتاییان نەهاتووە و دەبێت کاری زیاتر بکرێت دژی ئەو رێکخراوە.
 
بنیامین ناتەنیاهوو، یەکەمین سەرکردەی وڵاتێکی بیانییە بەبۆنەی کوژرانی بەغدادی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بکات.
 
نانسی پیلۆسی: مردنی بەغدادی، مردنی داعش نییە
 
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا دەستخۆشی لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات بۆ کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش.
 
پیلۆسی هاوکات لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە مردنی بەغدادی بەمانای مردنی داعش نایەت، چونکە هێشتا ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش لە جیهاندا ماون و هەروەها هەندێکیشیان لە زیندانەکاندان لە سووریا
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە 27-10-2019) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی راگەیاند و گوتی، بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو کاژێریدا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و چەند چەکدارێکی دیکەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کوژراوە.