هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی راگەیاندنی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا

27-10-2017
لهۆن نەسرەدین
لە 92%ی بەشدارانی گشتپرسییەکەی 1ی ئۆکتۆبەری کەتەلۆنیا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، فۆتۆ: AFP
لە 92%ی بەشدارانی گشتپرسییەکەی 1ی ئۆکتۆبەری کەتەلۆنیا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، فۆتۆ: AFP
نیشانەکردن کەتەلۆنیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن هەرێمی کەتەلۆنیاوە، زۆرینەی وڵاتانی جیهان پشتگیری خۆیان بۆ یەکپارچەیی ئیسپانیا و رێکارەکانی مەدرید بەرامبەر ئە هەرێمە دووپاتکردەوە. هاوکات ئیسپانیاش پەرلەمانی کەتەلۆنیای هەڵوەشاندەوە.

ئەمریکا: پشتگیری رێکارەکانی ئیسپانیاین بۆ یەکپارچەیی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیارەکەی کەتەلۆنیای رەتکردەوە و پشتگیری واشنتنی بۆ رێکار و هەوڵەکانی مەدرید بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئیسپانیای دەربڕی. 

هێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کەتەلۆنیا بەشێکی دانەبڕاوە لە ئیسپانیا و ئەمریکا پشتگیری لە رێکارە دەستوورییەکانی حکومەتی ئیسپانیا دەکات بۆ هێشتنەوەی ئیسپانیا بە بەهێزی و یەکپارچەیی.

بەریتانیا: دان بە بڕیاری تاکلایەنەی کەتەلۆنیا نانێین

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش جەخت لە رێزگرتن لە دەستووری ئیسپانیا دەکاتەوە و دەڵێت "لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای ئیسپانیا کە دەنگدانەکەی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا بە نایاسایی لەقەڵەمدا، حکومەتی بریتانیا دان بە بڕیاری پەرلەمانی کەتەلۆنیا تایبەت بە سەربەخۆیی ئەو هەرێـمە نانێت.

حکومەتی بەریتانیا راشیگەیاندووە، لەندەن بەردەوام دەیەوێ ببینێت کە یاسا جێبەجێ دەکرێت، رێز لە دەستووی ئیسپانیا دەگیرێت و یەکپارچەیی خاکی ئیسپانیاش پارێزراو بێت.

سەرۆکی فەرەنسا: یەک هاوتام لە ئیسپانیا هەیە

هاوکات ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ حکومەتی ئیسپانیا دەربڕی و رایگەیاند "من هەمیشە رامگەیاندووە کە لە وڵاتی ئیسپانیادا تەنیا یەک هاوتام هەیە کە ئەویش ماریانۆ راخۆی، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیایە".

ماکرۆن گوتیشی "لە وڵاتی ئیسپانیادا یاسا هەیە کە لەچوارچێوەی دەستووری ئیسپانیادایە و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەیەوێت رێز لەو یاسایانە بگیرێت و منیش لەو بارەیەوە پشتگیری تەواوی لێدەکەم".

ئەڵمانیا: نیگەرانین

ستیڤان سیبرت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیاش رایگەیاند "دان بە راگەیێندراوی تاکلایەنەی هەرێمی کەتەلۆنیا نانێین. بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین، نابێ سەروەری ئیسپانیا و یەکپارچەیی خاکەکەی پێشێلبکرێت".

تورکیا بۆ کەتەلۆنیا: پێداگری مەکە

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی بڕیاری سەربەخۆیی پەرلەمانی کەتەلۆنیا بڵاوکردەوە و داوا لە کەتەلۆنیا دەکات پێداگری لەسەر ئەو کارەی نەکات. هەروەها تورکیا پاڵپشتیی خۆی بۆ یەکپارچەیی خاکی ئیسپانیا نیشاندەدات.

کاردانەوەی ئیسپانیا

رۆژی هەینی 27-10-2017 پەرلەمانی کەتەلۆنیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە جیابوونەوە لە ئیسپانیا و دامەزراندنی کۆماری کەتەلۆنیا. 

لە بەرامبەردا پەرلەمانی ئیسپانیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە چالاککردنی بڕگەی 155 لە دەستووری ئیسپانیا، کە تێیدا رێگە بە حکومەتی ئەو وڵاتە دەدات دەسەڵاتەکانی بەسەر هەرێمی کەتەلۆنیادا بسەپێنێت و دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی ئەو هەرێمە هەڵبوەشێنێتەوە.

دوای ئەو بڕیارە، ماریانۆ رۆخای، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کەتەلۆنیای راگەیاند و رۆژی هەڵبژاردنی داهاتوو دیاریکرد.

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا گوتی "بابەتەکە بریتی نییە لە هەڵپەساردنی حکومەتی ناوخۆیی یان دەستتێوەردان لە حکومەتەکەدا، بەڵکو بە سادەیی بڵێم بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئەو حکومەتە ناوخۆییەیە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بە زووترین کات. ئەو ئاساییکردنەوەیەش بە گەڕاندنەوەی شەرعییەتی دەستووری و گەڕاندنەوەی دەنگی کەتەلۆنییەکانە. بۆیە من ئەمڕۆ پێتان رادەگەیەنم کە من پەرلەمانی کەتەلۆنیام هەڵوەشاندەوە و لە رۆژی 21ی مانگی کانوونی یەکەمدا هەڵبژاردن لە کەتەلۆنیا ئەنجامدەدرێت".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە