سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ڤیەننا: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا پشتگیریی لە بەربژێرانی کورد دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ڤیەننا دەڵێت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا پشتگیریی بەربژێرانی کورد دەکەن، گوتیشی: ''سیاسەتی نەمسا بەرامبەر بە کورد گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بە میللەتێکی دەزانن کە دەتوانێت خزمەتی خۆی و جیهان بکات.''
 
ئەمڕۆ هەینی، 27-09-2024، نزار مووسا، سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ڤیەننا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''ژمارەیەک کورد خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا بەربژێر کردووە و ئێمە پشتگیریی ئەو بەربژێرانە دەکەین، کە نوێنەری رەوەندی کوردین.''
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا لە 29ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت. نزار مووسا داوا لە هاونیشیتمانیانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دەکات، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە بەربژێرانی کورد بدەن.
 
بەگوتەی سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ڤیەننا پێشتریش بەربژێرانی کورد وەکو بێریڤان ئاسڵان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا دەنگیان هێناوە، کاری باشیان بۆ کورد و پەنابەران کردووە و لە رێگەی ئەوانەوە بەگشتی کار لەسەر دۆزی کورد کراوە.''
 
نزار مووسا گوتی: "ئەگەری زۆرە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەربژێرانی کورد دەنگ بهێنن و کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنن."
 
بەگوێرەی راپرسییەکان، پارتی ئازادی کە لە نەمسا بە پارتێکی راستڕۆ دەناسرێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکە، زیاتر لە 30٪ دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. 
 
پارتەکە دژە موسڵمان و دژە کۆچبەرە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپاش زیاتر لە 27٪ـی دەنگی نەمساییەکانیانی بەدەستهێنا؛ نزار مووسا گوتی: ''ئەو پارتە نەک تەنیا دژایەتیی کۆچبەران دەکات، بەڵکو دژایەتیی نزیکبوونەوەی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ لەگەڵ رووسیا دەکات، ئەمەش مەترسییەکی گشتییە.''
 
سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ڤیەننا ئەوەشی خستەڕوو، سیاسەتی نەمسا بەرامبەر بە کورد گۆراوە و لە وڵاتەکە بە چاوێکی دیکە چاو لە کورد و کوردستان دەکرێت.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 1ـی تەممووز بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ڤیەننای پایتەختی نەمسا و رۆژێک دواتر لەگەڵ سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. نزار مووسا گوتی: ''سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ وڵاتەکە، دەرخەری ئەوەیە کە نەمسا دەیەوێت لە کورد نزیک ببێتەوە''.
 
سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ڤیەننا گوتیشی: ''بۆچوونیك لە ئەورووپا و نەمسا دروست بووە، کە کورد میللەتێکە دەتوانێت سەرەڕای خۆی، خزمەتی جیهانیش بکات.''
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا لەکاتێکدایە، ساڵ دوای ساڵ ژمارەی کۆچبەران لەو وڵاتە زیاتر دەبێت. پار نزیکەی 110 هەزار کەس لەو وڵاتە داوای مافی مانەوەیان کردووە و ساڵی 2022ـش زیاتر لە 70 هەزار کەس. هێربێرت کیک، سەرۆکی پارتی ئازادی راستڕۆی نەمسا بانگەشەی ئەوەش دەکات، سەرجەم کۆچبەران، دیپۆرت دەکاتەوە.