زریانی هێلین هەڕەشە لە فلۆریدای ئەمریکا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی نیشتیمانی زریانەکان لە ئەمریکا، هۆشداری دەدات لەوەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی ئەمریکا (بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەکاتی هەولێر) رزیانی هێلین دەگاتە نێو فلۆریدا.
ناوەندنی نیشتیمانی زریانەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، زریانی هێلین ئێستا گەیشتووەتە ئاستی سێیەم لە پلەبەندی بەهێزیی زریانەکان و هۆشداریشیدا خێرایی با گەیشتووەتە 120 میل لە کاژێرێکدا.
ناوەندەکە هۆشداریش دەدات لەوەی دوێنێ کاژێر 2:30 بەکاتی ئەمریکا [کاژێر 8:30 بەکاتی هەولێر] زریانەکە 170 میل لە باشووری رۆژئاوای شاری تامپا لە فلۆریدا دوور بووە.
چاوەڕێ دەکرێت لەدوای گەیشتنی زریانەکە بە کەناراوەکانی فلۆریدا، لافاو بەشێک لە شارەکانی کەناراوەکانی رۆژئاوای ویلایەتەکە بگرێتەوە و پێشبینیش دەکرێت لە هەندێک شوێن ئاستی ئاو تاوەکو شەش مەتر بەرز ببێتەوە.
هۆشداری بە تەواوی دانیشتووانی شارەکانی باشووری فلۆریدا دراوە و ناوەندی نیشتمانیی زریانەکانی ئەمریکاش دەڵێت: "هەموو ئامادەکارییەک بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک و ماڵییان کراوە".
تاوەکو ئێستا لە 67 ناوچەی ویلایەتی فلۆریدا باری نائاسایی راگەیێندراوە و لە چەندین ناوچەش داوا لە خەڵک کراوە ناوچەکانیان بەجێبهێڵـن.
بەگشتی زریانەکان لەسەر پێنج ئاست پۆڵێن دەکرێت و ئاستی سێیەم بە ئاستێکی مەترسیدار دادەندرێت و چاوەڕێی زیانێکی زۆری ماددی لێدەکرێت و خێرایی با دەگەیێنێتە 111 تاوەکو 129 میل لە کاژێرێکدا.