رووسیا بۆ رۆژئاوا: سیاسەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەگۆڕین

27-09-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایدەگەیێنێت، وەکو هۆشدارییەک بەرامبەر بە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، سیاسەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەگۆڕن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2024، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملین، لە کۆنفڕانسێکی رۆژانامەڤانیدا گوتی: "دەبێت گۆڕانکاری لە سیاسەتی چەکی ئەتۆمی وەکو ئاماژەیەکی تایبەت سەیر بکرێت".
 
رۆژی چوارشەممە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، پلانیان هەیە یاسای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی رووسیا بگۆڕن و لەمەودا بەگوێرەی یاسا، ئەگەر هێرشی فراوانی ئاسمانی بکرێتە سەر رووسیا، رێگە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بدرێت. 
 
ئەو پلانە نوێیەی کە رووسیا دەیەوێت جێبەجێی بکات، رێگە بە بەرپرسانی مۆسکۆ دەدات چەکی ئەتۆمی بەرامبەر بەو وڵاتانە بەکاربهێنێت کە لەلایەن وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی پاڵپشتی کراون بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا. 
 
ئەو پلانە نوێیەی رووسیا وەکو هۆشدارییەک بۆ وڵاتانی رۆژئاوا سەیر دەکرێت کە لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا پاڵپشتی دارایی و لۆجیستیکی ئۆکراینا دەکەن. 
 
لە سیاسەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی رووسیا، کە پێشتر لە ساڵی 2020 بە فەرمانێکی پووتین دیاریکرابوو هاتووە کە رووسیا تەنیا لەو کاتە چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت، ئەگەر بە چەکی ئەتۆمی هێرشی بکرێتە سەر یاخود هەست بە هەڕەشەی ئەتۆمی بۆ سەری بکات. 
 
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ کار لەسەر ئەوە دەکات جبەخانەی ئەتۆمی خۆی بەهێزتر بکات. 
 
لە سەرەتای ئەم مانگە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندیی بەرگری لە ئۆکراینا UDCG لە بنکەی ئاسمانیی رامشتاین لە ئەڵمانیا، داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا کرد رێگە بە ئۆکراینا بدەن چەکی دوورمەودا بۆ پێکانی ئامانجەکانیان لەنێو رووسیا بەکاربهێنن. 
 
ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر ئۆکراینا بەو چەکە دووربڕانەی رۆژئاوا لە قووڵایی خاکی رووسیا بدات، ئەوا ئەو کاتە رووندەبێتەوە کە وڵاتانی ناتۆ لەگەڵ رووسیا لە جەنگدان. 
 
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد کە رووسیا بەرەوپێشچوونێکی زۆری لە چەندین ناوچە بەدەستهێنا. ئەوەی ئێستا روودەدات، هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینایە بەتایبەتی دوای بەدەستگەیشتنی چەکێکی زۆر لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاوە.
 
سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆریژیا، دۆنێتسک و لوهانسکدا جێگیرکردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە