سەرۆکی زانکۆی پەکین بۆ رووداو: چین 45٪ی داهاتی گشتی پاشەکەوت دەکات
رووداو - پەکین
گرووپی میدیایی چین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە، کۆنفرانسێکی بەناوی 'هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووریی چین' لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 لە پەکین سازکرد، لە کۆنفرانسەکەدا مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە چین ئامادەبوو.
سەرۆکی زانکۆی پەکین بە رووداوی گوت، "چین 45٪ـی داهاتی گشتی پاشەکەوت دەکات و لە ساڵی 2030 ئابووریی چین پێش ئابووریی ئەمریکا دەکەوێت."
کۆنفرانسەکە رۆژی چوارشەممە، 27-09-2023، بەڕێوەچوو. پرۆفیسۆر یاو یان، سەرۆکی زانکۆی پەکین لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا گوتی: "ئابووریی چین لە ساڵی 2030 پێش ئابووریی ئەمریکا دەکەوێت و دەبێتە دوو هێندەی ئەو وڵاتە. ئەوەی من دەیڵێم دەکرێت هەندێکی گریمانە بێت، بەڵام ژمارەکانیش هەر ئەوەمان پێدەڵێن."
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی پەکین "چین 45٪ـی داهاتی گشتی پاشکەوت دەکات یان هەڵدەگرێت و، 55٪ـی دیکەش بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوورییەکەی و رێژەی GDP بەکاردەبات".
سەرۆکی زانکۆی پەکین لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، لەڕووی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیاوە "چین پێشەنگی جیهانە، چونکە ئێمە ژێرخانمان بەهێزە، بەڵام ئەمە هێندەی پاشکەوتکردن رۆڵ نابینێت لە بەرزکردنەوەی رێژەی GDP [ گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی] لە چین".
لە سەردەمی کۆرۆنادا لە ساڵی 2020، GDP بەڕێژەی 2.3٪ لە چین کەمیکرد، بەڵام لە ساڵی 2023دا لە ریزبەندی یەکەمی جیهان دێت.
خێرایی بەرزبوونەوەی رێژەی گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی لە چین بۆ ئەمساڵ 5.5٪ـە، ئەگەر چین بگاتە ئەوپەڕی ئاستی بەکاربردنی خۆی، رێژەکە لە 65% تێپەڕناکات، لە کاتێکدا رێژەی داهاتی گشتیی بەکاربردنی ئەمریکا لە 80% زیاترە.
رێژەی بەکاربردنی چین لەبەرامبەر ئەمریکا کەمترە، بەڵام رێژەی پاشکەوتکردنی زیاترە. ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئەمریکا پێچەوانەی ئەمەیە؛ رێژەی گەشەکرنی داهاتی گشتیی ئەمریکا لە ئەمساڵدا 2.5%ـە، بەڵام ئەوەی چین 5.5%ـە.