سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران دەستیان پێکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی دەکاتەوە، لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران کۆبووەتەوە، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنە پەکخراوە ئەتۆمییەکەی ئێران.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 26ی ئەیلوولی 2022 رافایل گرۆسی، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە تویتێکدا رایگەیاند، دانوستاندنەکان "سەبارەت بە روونکردنەوەی پرسە هەڵواسراوەکان لەگەڵ ئێران دەستیان پێکردووەتەوە."
 
سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە پەراوێزی کۆنفرانسی ساڵانەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤییەنا لەگەڵ محەممەد ئیسلامی، جێگری سەرۆکی ئێران و سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران کۆبووەتەوە. گرۆسی وێنەیەکی خۆی و محەممەد ئیسلامیی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە کە تەوقە لەگەڵ یەکدی دەکەن.
 
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام گوشار دەخاتە سەر ئێران بۆئەوەی وەڵامێک لەبارەی راستی و دروستیی هەبوونی ماددەی ئەتۆم لە بەشێک لە وێستگە ئەتۆمییەکانیدا بخاتەڕوو. ئەم خاڵەش بووە هۆی ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا لە کۆبوونەوەی بۆردی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رەخنە لە ئێران بگیرێت.
 
هەفتەی رابردوو ئیسلامی بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لەگەڵ رافایل گرۆسی کۆدەبێتەوە و هیواشی خواست "کۆتایی بەو تۆمەتە ناڕاستانە بهێنێت کە بەهۆی گوشاری سیاسی و شەڕکردنی دەروونی لە دژی ئێران دەخرێنەڕوو."
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم نادات و داوای لە ئەمریکا کرد گەرەنتییان پێبدات کە لە ئەگەری کاراکردنەوەیدا، بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە پابەند دەبێت.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی ئێران، سزاکانی سەر ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە هەڵدەگیران، لە بەرامبەریشدا ئێران چالاکییەکانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار دەکرد.
 
هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018 تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە، بێ ئەنجام بوون.
 
کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ وایکرد ئەمریکا جارێکی دیکە سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە و تارانیش دەستبەرداری پابەندییەکانی ببێت و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزبکاتەوە کە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمدا بەکاردەهێندرێت.