جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ناوچەی لە چەک داماڵدراوی نێوان هەردوو کۆریا دەکات

27-09-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ کۆریای باشوور، بڕیارە سەردانی ناوچەی لە چەک داماڵدراوی نێوان کۆریای باشوور و  کۆریای باکوور بکات.
 
رۆژی سێشەممە 27ی ئەیلوولی 2022 کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەم هەفتەیە کەمالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا لە ژاپۆنە بۆئەوەی بەشداریی لە پرسەی شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەدا بکات. ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژی پێنجشەممە سەردانی ناوچەی لە چەک داماڵدراوی نێوان هەردوو کۆریای باکوور و باشوور دەکات.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوەی کەمالا هاریس، کۆریای باکوور تووڕە بکات. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ کاتێک نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد؛ کۆریای باکوور سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی کرد و پێلۆسیی بە "خراپترین تێکدەری ئاشتیی نێودەوڵەتی" ناوبرد.
 
رۆژی دووشەممە، پیۆنگیانگ هۆشداریی دا لەوەی کۆریای باشوور و ئەمریکا ریسک بە نانەوەی جەنگ دەکەن، کاتێک هەردوو هاوپەیمانەکە لەدوای پێنج ساڵ بۆ یەکەمجار مانۆڕێکی دەریاییان لە نزیک نیمچە دوورگەی کۆریادا کرد.
 
بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت، سەردانەکەی کەمالا هاریس بۆ ناوچەی لە چەک داماڵدراوی نێوان هەردوو کۆریاکە، "جەخت لە پابەندیی ئەمریکا دەکاتەوە کە لە دژی هەر هەڕەشەیەکی کۆریای باکوور لە دژی کۆریای باشوور دەوەستێتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی گوتیشی، هاریس لە سەردانەکەیدا "قوربانیدانی هاوبەش"ی نێوان سەربازە ئەمریکی و کۆرییەکان وەبیردێنێتەوە، کە لە جەنگی کۆریادا کوژراون، کە وەکو خۆی دەڵێت، لە ساڵی 1953 بە ئاگربەست کۆتایی پێهات.
 
رۆژی دووشەممە، کەمالا هاریس گەیشتە ژاپۆن و لەگەڵ فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە پێش ئەوەی ئەمڕۆ لە پرسەی شینزۆ ئابێدا بەشداربێت، کە شاندی دەیان وڵاتی دیکەشی تێدا بەشدارن.
 
لای خۆیەوە، هان دەکسوو، سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاریس، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، سەردانەکەی هاریس بۆ ناوچەی نێوان هەردوو کۆریاکە پابەندیی ئەمریکا بە ئاسایش و ئاشتیی نیمچە دوورگەی کۆریا پیشاندەدات.
 
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2019دا دۆناڵد ترەمپ بووە یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ناوچەی لە چەک داماڵدراوی نێوان هەردوو کۆریاکە بکات و پێ بنێتە نێو خاکی کۆریای باکوور. ئەوکاتە ترەمپ لەو ناوچەیە چاوی بە کیم جۆنگ ئون کەوت و وەکو رووداوێکی مێژوویی لە جیهاندا باسکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێڵ وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

ساموێڵ وێربێرگ: هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەرز دەنرخێنین

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرز دەنرخێنین " و جەختیکردەوە "ئەمریکا بە گرنگی دەزانێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و شەفاف بەڕێوەبچێت".