دوای گشتپرسی، پووتین لکاندنی هەرێمەکانی ئۆکراینا بە وڵاتەکەیەوە رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، دوایین رۆژی ئەو گشتپرسیەیە کە رووسیا لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە خیرسۆن، لۆهانسک، دۆنێتسک و زاپۆریژیا دەستیپێکردووە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوول ئەنجامی گشتپرسییەکە رابگەیێندرێت. بەگوێرەی پێشبینییەکانیش، زۆرینەی خەڵک لە هەر چوار ناوچەکەی ئۆکراینا دەنگ بە "بەڵێ" دەدەن و چوونە پاڵ رووسیا هەڵدەبژێرن.
دوای چەند رۆژێکیش لە ئاشکراکردنی ئەنجامەکان، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە فەرمی لکاندنی ئەو ناوچانە بۆسەر خاکی رووسیا رادەگەیێنێت و دەیخاتە نێو چوارچێوەی پاراستنی سەربازیی خاکی رووسیاوە.
بەرپرسانی ئۆکرایناش دەڵێن، ترس و دڵەڕاوکێ لەو ناوچانەی کە رووسیا گشتپرسییەکەی تێدا دەکات بڵاوبووەتەوە و پیاوە ئۆکراینییەکان لەترسی ئەوەی بە زۆرەملێ نەبرێنە گۆڕەپانی جەنگەوە، ناوچەکان جێدەهێڵن. هەروەها خەڵکیش ناچار کراوە بەشداری لە گشتپرسییەکەدا بکەن.
رۆژی 23ی ئەم مانگە، رووسیا دەستی بە "گشتپرسیی شام" لە چوار ناوچەی ئۆکراینا کرد، کە لەلایەن سوپای رووسیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە و، لە گشتپرسییەکەدا پرسیاری ئەوە لە خەڵک کراوە کە ئایا دەیانەوێت لەگەڵ ئۆکراینا بمێننەوە یان جیاببنەوە و بچنە پاڵ رووسیا، گشتپرسییەکەش لەسەر ئاستی جیهان کاردانەوەی لێکەوتەوە و بە هەنگاوێکی نایاسایی هەژماریان کرد.
هەفتەی رابردوو، سەرۆکی رووسیا داوای لە 300 هەزار کەس کرد کە بە خۆبەخش بچنە ریزەکانی سوپای رووسیاوە، لە بەرامبەریشدا، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە رووسیا دەستیپێکرد و بەشێک لە پیاوانی رووسی ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرامبەر داواکارییەکە دەربڕی و هەندێکیشیان چوونە سەر سنوورەکان و بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیان کرد.
یەکەمجار نییە رووسیا خاکی وڵاتانی دراوسێ بلکێنێت بە خۆیەوە و لە ساڵی 2014ەش، هەمان ئەزموونی لە کریمیا دووبارەکردەوە و لە رێگەی گشتپرسییەکەوە دوای کۆنترۆڵکردنی سەربازی، کریمیای بە فەرمی خستە سەر خاکی وڵاتەکەی و لە خاکی ئۆکراینای دابڕی، لە کاردانەوەی گشتپرسییەکەی رووسیا و هەوڵەکانی بۆ دابڕینی ئەو ناوچانە لە وڵاتەکەی، ئۆکراینا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە.
دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا بە خەڵکی ئەو چوار ناوچەیان گوتووە، رووبەڕووی سزا دەبنەوە گەر بەشداری لە گشتپرسییەکەدا بکەن، داواشیان لێکردوون کە ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەشداری لە گشتپرسییەکەدا نەکەن.
بەڵام، جووداخوازەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کە دەسەڵاتداریی ناوچەکانی دۆنێتسک و لۆهانسکن دەکەن و لەلایەن رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێن، جەخت لەوە دەکەنەوە، زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچانە خوازیارن بچنە پاڵ رووسیا و لەو کاتەوەی کە کریمیا چووەتەوە سەر رووسیا، خەڵکی ئەو ناوچانەش ویستوویانە بە هەمان شێوە لە ئۆکراینا جیاببنەوە.
سیرهی هەیدەی، پارێزگاری لۆهانسک کە بە ناچاری و لەژێر هەڕەشەی سوپای رووسیا شارەکەی چۆڵکرد دەڵێت، لەدوای بڕیارەکەی پووتین بۆ کۆکردنەوەی سەربازی زیاتر، خەڵکی زیاتر ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر بەشداری لە گشتپرسییەکەدا نەکەن ئەوا بەزۆر دەکرێنە سەرباز.
ئەو ناوچانەی گشتپرسیی تێدا دەکرێت
کۆمارەکانی لۆهانسک و دۆنێتسک پێشتر لەلایەن رووسیاوە و لە گشتپرسییەکی هاوشێوەدا، خرانە سەر رووسیا، ئەو دوو کۆمارە پێش دوو هەفتە رایانگەیاند، دەیانەوێت بەشداری لە گشتپرسییەکەی 23 - 27ی ئەیلوول بکەن و بچنە پاڵ رووسیا.
ئەوەی دەمێنێتەوە ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیایە، کە تائێستا لەلایەن رووسیاوە بە فەرمی دانیان پێدانەنراوە، ئەمانیش بە هەمان شێوە رایانگەیاندووە کە دەیانەوێت بەشداری لە گشتپرسییەکەدا بکەن.
رووسیا بە تەواوی سنووری هەر چوار ناوچەکەی کۆنترۆڵ نەکردووە، تەنیا 60%ی کۆماری دۆنێتسک نەبێت، کە زۆرترین رووبەری کۆنترۆڵکراوە لەلایەن رووسیاوە.
رووسیا کۆنترۆڵی زیاتر لە 90 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی کردووە کە دەکاتە 15%ی خاکی ئۆکراینا. ئەو رووبەرەش هاوتای رووبەری پورتوگال یان هەنگاریایە. بە هەردوو ناوچەی کریمیا و ئەو چوار ناوچەیەی کە ئێستا گشتپرسییان تێدا دەکات. رووسیا رووبەرێکی بەرفراوانی خاک بەدەست دەهێنێت، کە هاوتایە لەگەڵ رووبەری ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکا.
ئایا گشتپرسییەکە یاساییە؟
گشتپرسییە پێنج رۆژییەکە کە لە چوار ناوچەی ئۆکراینا بەڕێوەدەچێت، بەبێ ئامادەبوونی هیچ ناوەندێکی سەربەخۆی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ راگەیاندنی دەستپێکردنی گشتپرسییەکەش لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا گشتپرسییەکەیان بە (شام) ناوبرد و بە نایاسایی هەژماریان کرد و، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساش بە "نەبوونی ئەنجامی یاسایی" ناویبرد. هاوکات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش گشتپرسییەکەی بە "بەلاڕێدابردنی خەڵکی و دەستبەسەرداگرتنی خاکی ئۆکراینا" ناوبرد.
لە کریمیا چی روویدا؟
ململانێ و ئاڵۆزییەکان لە ساڵی 2014وە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دروستبوون، دواتریش لە 27ی شوباتی 2014 رووسیا کریمیای کۆنترۆڵکرد، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی رووسین و لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت چوونەتە ئۆکراینا، لە رۆژی 16ی ئازاری هەمان ساڵیش گشتپرسی لە کریمیا ئەنجامدا.
دواتریش سەرکردەکانی کریمیا رایانگەیاند، 97%ی خەڵک دەنگیان بە جیابوونەوە لە ئۆکراینا و چوونە پاڵ رووسیا داوە، رۆژی 21ی ئازاری 2014ش، رووسیا کریمیای بە فەرمی وەکو بەشێک لە خاکی رووسیا ناساند.
لە بەرامبەریشدا، کیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا گشتپرسییەکەیان بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئۆکراینا و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەمدا.