ئەشرەف غەنی هاککرا

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی هەڵاتووی ئەفغانستان رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووەوە و بۆ ماوەی چەند کاژێرێک فەیسبووکەکەی هاککرا.
 
ئەشرەف غەنی، سەرۆکە هەڵاتووەکەی ئەفغانستان لە پۆستێکدا، کە لە ئەکاونتەکەی خۆی لە فەیسبووک ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: "شەوی رابردوو ئەکاونتی فەیسبووکەکەم رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووەوە، بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە کۆنتڕۆڵی خۆمدا نەما، بەڵام دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە هاوکاری ئیدارەی فەیسبووک لە باشووری ئاسیا توانیم ئەکاونتەکە بخەینەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆمان".
 
محەممەد ئەشرەف غەنی ئەحمەدزائی، لە 19-5-1949 لە دایکبووە،  چواردەھەمین سەرۆککۆماری ئەفغانستان بوو، لە ساڵی 2014 بە سەرۆکی ئەفغانستان هەڵبژێردرا، لە ساڵی 2019 جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئەفغانستان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام بەر لەوەی ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی تەواوبکات، بەهۆی گەڕانەوەی تاڵیبان ناچار بوو لە وڵات هەڵبێت.
 
رۆژی 15-08-2021 سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، ئەشرەف غەنی، وڵاتی بەرەو تاجیکستان جێهێشتووە. بەڵام ئەشرەف غەنی رۆژی 18-08-2021 ڤیدیۆیەکی لە فەیسبووکەکەی بڵاوکردەوە و گوتی، کە لە ئیماراتە.
 
لە کاتی هەڵاتنی لە ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی بەوە تۆمەتبارکرا کە سەروەت و سامانێکی زۆری لەگەڵ خۆی بردووە، بەڵام غەنی هەر لەو پەیامەیدا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی: "تەنیا بە کڵاو و پێڵاوەوە رۆشتم".
 
ئەشرەف غەنی گوتیشی، "ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن من پێش بەجێهێشتنی وڵات پارەی زۆرم لەگەڵ خۆم بردووە، هیچ بنەمایەکی نییە و هەمووی درۆیە. من بێ هیچ پارەیەک لە ئەفغانستان چوومە دەرەوە."