رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە پێکدادان لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ روویدا. ئەرمینیا دەڵێت، ئازەربایجان هێرشی بۆ سەر هەرێمە کێشەلەسەرەکە ئەنجامداوە، لە وەڵامدا تانک و دوو هێلیکۆپتەری ئازەربایجانی خستووەتە خوارەوە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت، ئەرمینیا بە چڕی تانک و پێگە سەربازییەکانی ئازەربایجان بۆردووماندەکات.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی زیانبەرکەوتنی چەند تانکێک، دەسەڵاتدارانی ئازربایجان رەتیدەکەنەوە گورزی زیانبەخشیان بەرکەوتبێت ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەنەوە کە ئەوان دەستپێشخەریی هێرشکردنیان کردبێت.
حیکمەت حاجیڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ئازەربایجان لەبارەی هێرشەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات، سوپای ئەرمینیا ئاگربەستیان شکاندووە و بەچەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی پڕ لە دانیشتووان.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، "بەرپرسیارییەتی ئێستا و داهاتوو لە ئەستۆی سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی ئەرمینیایە"
لە ساڵی 2016ـەوە، ئەمە یەکەمین جارە هێندەی ئێستا هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ئەگەری بەرپابوونی شەڕی سەربازی لە نێوانیاندا نزیک بن، ئەوەش لەدوای شەپۆلێکی نوێ لە پێکدادانی چەکداری نێوان سوپای ئازەربایجان و چەکدارانی گرووپە جوداخوازەکانی هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ کە دەکەوێتە نێو وڵاتی ئازەربایجانەوە و لەلایەن ئەرمینیای دراوسێی ئازەربایجانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ئیلهام عەلیێف، سەرۆکی ئازەربایجان بەڵێنی سەرکەوتن بەسەر هێزەکانی ئەرمینیای دا و گوتارێكی کۆنی جۆزێف ستالین، سەرۆکی پێشووی یەکێتیی سۆڤیێتی جارانی گوتووە کە رایگەیاندبوو: "دۆزی ئێمە دادوەرانەیە و سەریشدەکەوین"،
عەلیێف راشیگەیاند: سوپای ئازەربایجان لەسەر خاکی خۆی شەڕ دەکات.
ئەرمینیاو ئازەربایجان هەردووکیان هێزیان بە ئاراستەی یەکدی جوڵاندووە. وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا لە راگەیێندراوێک هەڕەشە دەکات و دەڵێت: "وەڵامی ئێمە بەقەد هێرشی ئەوان گەورە دەبێت، سەرکردایەتیی سەربازی و سیاسی ئازەربایجان تەواوی بەرپرسیارییەتی دۆخەکە لە ئەستۆدەگرێت".
هاوکات لە راگەیێندراوەکەی بەرگریی ئەرمینیادا هاتووە، بۆ بەرگریکردن دژی "داگیرکاریی ئازەری بۆ سەر خاکەکەمان، لە ئاست دوژمناندا بەهێز دەمێنینەوە".
رووبەڕووبوونەوەکان بەشێوەیەکن، خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵی ئەرمەنی تێدا کوژراون. نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە فەیسبووک داوای لە خەڵککەکەی کرد "ئامادەبن بۆ بەرگریکردن لە خاکە پیرۆزەکەمان".
یەکێتیی ئەورووپا هاتووەتە سەر هێڵ، چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا داوای ئاگربەستی دەستەبجێ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆدەکات.
لە ساڵی 1990ـەوە و لە ئەنجامی لاوازبوون و پاشان هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیێت لە 1991، ئەرمینییەکانی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ کە لەنێو وڵاتی ئازەربایجانە، لە شەڕێکی چەکداری کە تێیدا زیاتر لە 30 هەزار کەس بوونە قوربانی، توانییان هێزەکانی ئازەربایجان دەربکەن و هەرێمەکەیان وەک هەرێمێكی سەربەخۆ و جودا لەو وڵاتە راگەیاند.
لە ساڵی 1994 و بەنێوەندگیریی وڵاتانی رووسیا، ئەمریکا و فەرەنسا، ئاگربەست لەنێوان هەردوولا راگەیێندرا و دەست بە گفتوگۆکانی نێوانیان کرا، بەڵام گفتوگۆکان چەندین جار شکستیان هێناوە و هەردوولاش یەکدی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن.
فەرەنسا، تورکیا و رووسیا و ئەڵمانیا لە کاردانەوەی پێکدادانەکان داوای دەستبەجێ وەستاندنی شەڕ و ئاگربەست دەکەن. وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هەردوولا دەکات "دەستبەجێ هێرشەکان رابگرن و دەست بە دانوستاندن بکەن بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە".
تورکیا پاڵپشتیی ئازەربایجان دەکات، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەڵێن دەدات کە پاڵپشتیی ئازەربایجان بکات، لە توویتێکدا نووسیویەتی "خەڵکی تورکیا بە هەموو شێوەیەک و وەک هەمیشە پاڵپشتیی لە برا ئازەربایجانییەکانیان دەکەن". ئەرمینیاشی وەک "گەورەترین هەڕەشە" بۆسەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمەکە ناوبرد.
هاروتینییان، سەرۆکی ناگۆڕنی قەرەباخ، تورکیای بە ناردنی چەکدارە بەکرێ گیراوەکان بۆ ئازەربایجان تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، "زانیاریمان هەن کە چەکداری بەکرێگیراو لە تورکیا و وڵاتانی دیکەوە لەڕێگەی ئاسمانەوە براونەتە ئازەربایجان، گوتیشی: سوپای تورکیا بە پاساوی ئەنجامدانی راهێنانی سەربازی لەخاکی ئازەربایجاندا لەئامادەباشیدایە".
هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و دەستپێکردنی گفتوگۆی لە هەردوولایەنی شەڕەکە کرد. گوتیشی، نیگەرانن لەبارەی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان.
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "داوا لە هەردوو لایەنەکە دەکەم کە گرژییەکانی نێوانیان رابگرن، بەتایبەتی بۆردوومانکردنی گوند و ناوچەکان"، چونکە بەپێی راپۆرتەکان کەسی مەدەنی بووەتە قوربانی.
ئارایک هاروتیونییان، سەرۆکی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ لە دانشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لە شاری ستیباناکەرت کە ئازەربایجان بە خانکەندی ناودەبات، باری لەناکاو و ئامادەبوونی هەموو کەسێک کە تەمەنی 18 ساڵ بەسەرەوەیە و توانای هەڵگرتنی چەکی هەیە، راگەیاند.
لەبەرامبەر راگەێندراوەکەی ئەرمینیا، وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پێچەوانە بە تانک، مووشەک، فڕۆکەی جەنگی ودرۆنەوە بۆ وەستاندنی چالاکییە چەکدارییەکانی ئەرمەنیەکان و دڵنیابوون لە سەلامەتی خەڵکی راگەیاند.
هاوکات حیکمەت حاجیێڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئازەربایجان لە راگەێندراوێکیدا ئەو راپۆرتانەی پشتڕاستکردەوە کە باسیان لە کوژران و برینداربوونی کەسانی سیڤیل و سەربازی دەکەن.
لەمانگی تەمووزی ئەمساڵ، پێکدادانی سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، بووەهۆی کوژرانی 17 سەرباز لە هەردوولا و ئەو کاتە ئازەربایجان هەڕەشەی بۆردومانکردنی وێستگەی ئەتۆمیی ئەرمینیای کرد.
لە گەورەترین و تووندترین پێکدادانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کە لە نیسانی ساڵی 2016دا روویدا، لانیکەم 110 کەسی سیڤیل و سەربازی لەهەردوولا کوژران.
Rudaw Digital
Edited by: Brwa Kyani
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ