​رووسیا لەڕێگەی پشکنینی بۆماوەییەوە گیانلەدەستدانی سەرۆکی ڤاگنەری پشتڕاست کردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆلەرانی رووسی رایانگەیاند، ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی، مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی کۆمپانیای ڤاگنەر پشتڕاست دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گومانەکان لەسەر تێوەگلانی کرێملن لە تێکشکانی فڕۆکەکە لە زیادبووندان، کە رووداوەکە دوو مانگ دوای یاخیبوونە کورتخایەنەکەی ڤاگنەر دژی سوپای رووسیا هات.  
 
سڤێتلانا پێترێنکۆ، گوتەبێژی کۆمیتەی لیكۆڵینەوەی رووسیا رایگەیاند، "پشکنینی بۆماوەیی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تێکشکانی فڕۆکەکە لە هەرێمی تڤێر تەواو بووە. بە گوێرەی ئەنجامەکان، ناسنامەی 10 قوربانی دۆزرایەوە، کە ئەو کەسانەن کە ناویان لە لیستی سەرنشینەکانی فڕۆکەکەدا هەبوو."
 
دیمیتری ئوتکین، فەرماندەی سەربازیی ڤاگنەریش لە نێو ئەو کەسانەدایە کە رۆژی چوارشەممە فڕۆکەکەیان تێكشکا.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی گیانلەدەستدانی ئەو 10 کەسەی لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆکی ڤاگنەر گیانیان لەدەستدا، دەڵێن تەرمی هەر 10 کەس ناسراونەتەوە و دەستنیشانکراون.
 
رۆژی 25ـی ئابی 2023 فڕۆکە تایبەتەکەی یەڤگینی پریگۆژین لە باکووری رۆژئاوای مۆسکۆ کەوتەخوارەوە و لەئەنجامدا هەموو ئەوانەی لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، کە سەرجەمیان ژمارەیان 10 کەس بوو، گیانیان لەدەستدا.
 
لێکۆڵەرانی رووسیا رۆژی هەینی رایانگەیاند، سندووقی رەش و تەرمی 10 سەرنشینی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ڤاگنەریان دۆزیوەتەوە. 
 
هێشتا بەرپرسانی رووسیا هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکەیان ئاشکرا نەکردووە، کە دوو مانگ دوای یاخیبوونە کورتخایەنەکەی ڤاگنەر دژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا هات.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا پێشتر رایگەیاندبوو "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا تەرمی 10 قوربانی لە شوێنی تێكشکانی فڕۆکەکە دۆزراونەتەوە؛ پشکنینی بۆماوەیی دەکرێت بۆ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت."
 
لەدوای تێکشکانی فڕۆکەکە لە رۆژی چوارشەممە کە هەروەها بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەشێک لە کەسە هەرە نزیکەکانی پریگۆژین، ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا و رەخنەگرانی کرێملن، باسیان لەوە کرد کە دەکرێت پریگۆژین بەمەبەست کوژرابێت.
 
هاوکات، ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێمە هیچ پەیوەندیمان بەو دۆخەوە نییە؛ پێموایە هەموو کەسێک دەزانێت کە کێ تێوەگلاوە."
 
رۆژی پێجشەممە 25ـی ئابی 2023 دیمتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مۆسکۆ گوتی، "قسە و باسێکی زۆر دەربارەی تێکشکانی فڕۆکەکە و مردنی کارەساتباری سەرنشینەکان، لەنێویاندا پریگۆژین دەکرێت؛ بەدڵنیاییەوە، ئەو گریمانەی رۆژئاوا لە گۆشەیەکی دیاریکراودا دەخرێنەڕوو؛ هەموو ئەمانە درۆیەکی رەهان."
 
فڕۆکە تایبەتەکەی پریگۆژین، کە سێ تیمی فڕۆکەکە و شەش کەسی دیکەی تێدابوو، لە مۆسکۆوە بەرەو سەینت پیتەرسبۆرگ بەڕێکەوتبوو.
 
گیانلەدەستانی پریگۆژین لەکاتێکدایە، حوزەیرانی ئەمساڵ یاخیبوونی سەربازی لەدژی مۆسکۆ راگەیاند. 10 هەزار چەکداری گرووپەکە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ئۆکراینایان جێهێشت و بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن؛ شاری رۆستۆڤیان کۆنترۆڵکرد و تاوەکو 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ نزیکبوونەوە.
 
بەڵام بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس پێشڕەوییەکانیان راگرت و بەشێک لە چەکدارەکانی گرووپەکە گواسترانەوە بۆ بێلاڕووس.