پۆلیسی نەرویج لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەکدارێکی پێشووی حەشدی شەعبی دەکات کە دەڵێ چەندین منداڵی کوشتووە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەرویج رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەگەڵ هاووڵاتییەکی عێراقی، کە ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی بووە و لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا رایگەیاندووە چەندین تاوانی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی لە سووریا کردووە.
دەزگای لێکۆڵینەوەی تاوانکاری پۆلیسی نەرویج بە میدیای وڵاتەی راگەیاند "پۆلیس ئاگاداری ئەو گرتە ڤیدیۆیانەیە و لێکۆڵینەوە لەو لێدوانانە دەکات، کە لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا هاتوون."
دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەو کەیسە دوای ئەوە دێت کە ناوەندێکی سووریایی کە رێکخراوێکی ناحکومییە و بنکەکەی لە پاریسە لە پۆلیسی نەرویج سکاڵای دژی هاووڵاتییەکی عێراقی بەناوی (حوسێن ئەلهوجامی) تۆمارکرد.
نێوەندە سووریاییەکە لە راگەیێنداروێکدا لەبارەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییە دەڵێت "هوجامی هاووڵاتییەکی عێراقییە، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا لە نەرویج ژیاوە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و پێشێلکارییە قورسەکان لە سووریا."
پۆلیسی نەرویج دەڵێت، سكاڵاکەیان دژی ئەو هاووڵاتییە عێراقییە پێگەیشتووە، بەڵام رەتیکردەوە زانیاری دەربارەی گرتە ڤیدیۆیەکە ئاشکرا بکات.
گرتە ڤیدیۆکە بەم دواییانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک بڵاوبوویەوە، کە تێیدا کەسێک دەردەکەوێت و بە زمانی عەرەبی باس لەوە دەکات، چەند ساڵێک پێش ئێستا چەندین منداڵی کوشتووە، کە یەکێکیان تەمەنی تەنیا یەک مانگ بووە.
ئەو هاووڵاتییە عێراقییە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت "منداڵە تەمەن یەک مانگەکەم کوشت، چونکە ئەگەر گەورە ببێت، دەبێتە ئەندامی رێکخراوی داعش؛ دایک و باوکی ئەندامی رێکخراوی داعشن، بۆ دەبێت دەستی لێ بپارێزم!"
هەر لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، هاووڵاتییە عێراقییەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەشانازییەوە ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراقییە و دەشڵێت "لە ساڵی 2015 لە ریزەکانی حەشدی شەعبی" شەڕی کردووە.
لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، هوجام هەڕەشەی لە هاووڵاتییە سوورییەکانی دانیشتووی نەرویج کردووە و ئاماژەی بەوەشکردوو ناترسێت لەوەی رەوانەی عێراق بکرێتەوە، چونکە کەسوکاری لەنێو ریزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا هەیە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش داوای لە خەڵک کردووە ژمارە مۆبایلی خۆیانی بۆ بنێرن بۆ ئەوەی رەسم و ڤیدیۆی تاوانەکانی بۆیان بنێرێت.