وێنەکەی ترەمپ سێڵفیگرتنی لە کالیفۆرنیا گەرمکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەم تابلۆیەک لە یەکێک لە شەقامە گشتییەکانی شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا، ژمارەیەک گەنجی ئەمریکی سێڵفی دەگرن. تابلۆکە، کۆپی تابلۆی گرتووخانەی فۆڵتنی ویلایەتی جۆرجیایە؛ ئەو گرتووخانەیەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رۆژی 24ی ئەم مانگە وێنەی تۆمەتباری تێدا گیرا.
ئەو وێنەیەی ترەمپ، شەقامی ئەمریکای کردووەتە دووبەش و وێنەگرتنی سێڵفیشی گەرمکردووە. کێنزی هار، هاووڵاتییەکی ئەمریکییە، دەڵێت: "خۆزگەم دەخواست هەر لە زیندان بمایەتەوە. هیواداریشم هیچ هەلێکی دیکەی پێنەدرێت ببێتەوە سەرۆک، لەبەرئەوەی ئەمریکا لە دۆخێکی خراپدایە و ئەوەش بەهۆی ئەوەوە بوو."
دۆمەنیک، هاووڵاتییەکی دیکەیە، ئەو پێی وایە، "ئەوە کارێکی شەرمەزارانەیە بۆ ترەمپ، بەڵام بەراستی شتێکی پێکەنیناوییە کە لە شەقامەکان کراوەتە نووکتە."
رۆژی 24ی ئاب، دۆناڵد ترەمپ لە زیندانی ناوچەی فۆلتن خۆی رادەستی پۆلیس کرد و وێنەی تۆمەتباری گیرا، ئەوەش یەکەم جارە لە مێژووی ئەمریکادا، سەرۆکێکی پێشوو وێنەی تۆمەتباری بگیرێت.
ترەمپ تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
نیکی هەیلی، بەربژێری کۆمارییەکان دەڵێت، "تەماشا بکە وێنەگرتنی تۆمەتباریی سەرۆکێکی پێشووی تەمەن 77 ساڵ، بزانە ئەوە واتای چییە، چۆن گەیشتینە ئەم قۆناخە؟ کەسیش لە ئەمریکا ناناسم کە تەماشای ئەو وێنەیە بکات و هەست بە خۆشی بکات."
بەگوێرەی بڕیاری دادگە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا 200 هەزار دۆلار وەک کەفالەت داوە تاوەکو ئازاد بکرێت، ئێستاش چاوەڕوانی رۆژی دادگاییەکەی دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکە کە ترەمپ بە هەڵمەتی سیاسی دژی ئەو ناوی دەبات.