رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی تووند دەداتە ئەوانەی "خوازیاریی زیانگەیاندنن" بە وڵاتەکەی و دەڵێت "لەکەس خۆشنابین، دەتانگرین و سزاشتان دەدەین".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تەقینەوەکانی کابوولی پایتەختی ئەفغانستان و کوژران و برینداربوونی چەندین سەربازی ئەمریکی، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "بۆ ئەوانەی کە ئەم هێرشەیان ئەنجامداوە و هەروەها بۆ هەرکەسێك کە خوازیاری زیانگەیاندنە بە ئەمریکا، دەڵێم، لەکەس خۆشنابین، دەتانگرین و سزاشتان دەدەین. من بە هەرشتێك کە لەژێر فەرمانمدایە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان و هەروەها گەلەکەمان دەکەم".
سەرۆکی ئەمریکا ئەو سەربازانەی وڵاتەکەی کە لە تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی کابوول گیانیان لەدەستدا بە قارەمان ناودەبات و رایگەیاند: "بارودۆخەکە لەسەر زەوی بەردەوامە لە بەرەوپێشچوون و من بەردەوام زانیاریی نوێم بەدەست دەگات. ئەو ئەمریکییانەی کە گیانیان لەدەستدا، ئەوانە قارەمانن کە ژیانیان تێکەڵ بە مەترسییەکان کرد تاوەکو ژیانی ئەوانەی دیکە بپارێزن، ئەوان بەشێک بوون لە ئەرکی بردنەدەرەوەی خەڵک لە ئەفغانستان کە تاوەکو ئێستا لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە و تێیدا زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی، هاوبەشانی ئەمریکا و ئەو ئەفغانییانەی کە کاریان لەگەڵ ئێمەدا کردوون، گوازراونەتەوە".
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هاوکات رایگەیاند کە فەرمانی دەرکردووە هەموو شتێك بۆ سوپا دابینبکرێت و گوتی: "ئەگەر بیانەوێت هێزی زیاتریش دەنێرین. بەڵام سوپای ئەمریکا هەر لە فەرماندەی هێزەکانەوە بگرە تاوەکو ئەفسەرەکانی سەر زەوی هەموویان بەجۆرێك لە جۆرکان پەیوەندییان بە منەوە کردوون و پێیان راگەیاندووم کە ئەرکی بردنە دەرەوەی خەڵک بەردەوام دەبێت و ئەنجامی دەدەن تاوەکو لەکاتی دیاریکراودا زۆرترین خەڵک لە ئەفغانستان ببرێنە دەرەوە".
رۆژی پێنجشەممە 26-8-2021 تەقینەوەیەک لە دەروازەی سەرەکیی فڕۆکەخانەی کابوول روویدا. دوای ئەو تەقینەوەیەش بە کەمتر لە کاژێرێک، تەقینەوەی دووەمیش روویدا.جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، یەکێکیان لە نزیک دەروازەیەکی سەرەکیی فڕۆکەخانەکە بووە و ئەوی دیکەشیان لەنزیک هۆتێلێکی نزیکی فڕۆکەخانەکە بووە.
داعش هەرزوو بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە و هێرشەکانی فڕۆکەخانەی کابوول راگەیاند. لە ئەنجامی هەردوو تەقینەوەکەش 13 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوونە. چاوەڕێدەکرێت ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر ببێتەوە.
هەروەها تاڵیبان رایگەیاندووە؛ 28 چەکداریان لە تەقینەوەکانی کابوول گیانیان لەدەستداوە. چەند سەرچاوەیەکیش لە نەخۆشخانەکانی کابوول بۆ میدیای فەرمی رووسیایان گوتووە؛ 1338 کەس لە تەقینەوەکاندا برینداربوون و 90 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
جەنەڕاڵ مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە 14ی ئابەوە لە کابوول گوازراونەتەوە کە 66 هەزاریان لەلایەن ئەمریکاوە بوون و 37 هەزار لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتەوە گوازراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ