رووداو - ڤییەنا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەستیاریی تورکیا بەرامبەر بە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ کورد لە سووریا تێدەگەین و " پشتگیری لە سەربەخۆیی کورد لە سووریا ناکەین".
شەوی 26-8-2016 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە جنێڤ، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گەیشتوونەتە رێککەوتنی تەواو لە بارەی بەردەوامیدان بە ئاگربەست لە سووریا بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەو ناوچانەی سووریا کە پێویستیان پێیەتی.
گوتیشی راوێژکار و پسپۆڕی ئەمریکی و رووسی لە چەند رۆژی داهاتوو لە جنێڤ دووبارە کۆدەبنەوە بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکانی رێککەوتنی نێوان رووسیا و ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بۆردوومان و هێرشی سەر یەپەگەش لەلایەن تورکیاوە، رایگەیاند، لە هەستیاری تورکیا بەرامبەر بە هاوکاری و پشتگیری ئەمریکا بۆ هێزە کوردییەکان لە سووریا تێدەگات، گوتیشی " ئەمریکا پشتگیری لە سەربەخۆیی کورد ناکات و لەگەڵ یەکگرتوویی سووریایە".
جۆن کێری ئاماژەی بەوەش دا، هەندێک هاوکاری و کاری هاوبەشمان لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە سووریا هەبووە، بۆ چەند کارێکی دیاریکراو، " ئێمە هەماهەنگی زۆرمان لەگەڵ تورکیا هەیە، لەوەش تێدەگەین دەبێت بزاندرێت دوای ئازادکردنی ناوچەیەک کێ دەسەڵاتی دەبێت لەوێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ