هاككەرە فەلەستینییەکە: دووبارە مارك زوكەربێرگ هاك دەكەمەوە

رووداو - هەولێر

پرۆگرامسازێكی فەلەستینی، توانی ئەكاونتی تایبەتی دانەری فەیسبووك مارك زوكەربێرگ هاك بكات، تاوەكو بۆ بەڕێوەبەرایەتی فەیسبووكی بسەلمێنێ كە ئەو بەڕاستی توانیویەتی كەلێنێكی ئەمنی لە فەیسبووكدا بدۆزێتەوە.

خەلیل شەریتح، كە دەرچووی زانكۆی قودسە، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت بەر لە چەند رۆژێك توانی كەلێنێكی ئەمنی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بدۆزێتەوە لەناو فایلی composer.php كە رێگا بەبەكاربەرانی دەدات هەر پۆستێكیان دەوێ لەسەر هەركەسێك بینووسن، تەنانەت ئەگەر بەكارهێنەرەكە مارك زوكەربێرگی خاوەنی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكیش بێ.

خەلیل لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، دوای دۆزینەوەی ئەو كەلێنە ئەمنیە، لە رێگای پەیجێكی تایبەتی فەیسبووكەوە لێپرسراوانی فەیسبووكی لێ ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام دوای 24 كاژێر لەلایەن كارمەندێكی فەیسبووكەوە وەڵامی دراوەتەوە و پێیگوتراوە كە هیچ كەلێنی نەدۆزیوەتەوە. بەڵام ئەمجارەیان خەلیل گوتوویەتی "بۆ ئەوەی باوەڕم پێبكەن لەسەر فەیسبووكی تایبەتی مارك پۆستێك دەكەم، هەرچەندە حەزیش ناكەم ئەو كارە بكەم".

دوای ئەوەی پشتگوێ دەخرێ لەلایەن كارمەندەكەی فەیسبووكەوە، خالید ئەوەی روویداوە دەینووسێ و بۆ ئەكاونتەكەی مارك پۆستی دەكات، دوای ئەوە راستەوخۆ ئەكاونتەكەی خالید لەلایەن فەیسبووكەوە دەسڕدرێتەوە".

دواتر بۆ جاری سێیەم خەلیل ئاگاداركردنەوەی بۆ كۆمپانیا ناردووە تا ئەكاونتەكەی بدەنەوە، دوای ئەوەش وەڵامێكی بۆ هاتووە كە تێیدا پێیگوتراوە بەهیچ شێوەیەك پاداشتی دارایی وەرناگرێ، بەهۆی ئەوەی یاساكانی پێگەكەی شكاندووە .

رووداو: خەلیل كێیە؟

خەلیل: گەنجێكی فەلەستینیم و تەمەنم 27 ساڵە، دانیشتووی رامەڵڵام، دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری كۆمپیوتەرم، دوای ئەوەی كۆلیژم تەواوكرد، دوو ساڵ بەدوای كاردا گەڕام، سیڤیم پێشكەشی كۆمەڵێك كۆمپانیا كردوە، بەڵام كاریان پێنەدام، ناچار بووم لەگەڵ برا گەورەكەم لە نانەواخانە كار بكەم.

رووداو: چۆن توانیت ئەو كەلێنە ئەمنییە بدۆزیتەوە؟

خەلیل: من بەدوای شتێكی دیكەدا دەگەڕام بۆ ئەوەی سوود لە سكرێپتەكانی فەیسبووك وەربگرم، چونكە من پڕۆگرامەرم و بەردەوام خەریكی داڕشتنی كۆدم، ئەو هەڵەیەش تەنیا بەڕێكەوت دۆزیمەوە.

رووداو: ئایا بەشی سیكیوریتی فەیسبووكت لەو هەڵەیە ئاگادار كردەوە؟

خەلیل: بەڵێ چەند جارێك ئاگادارم كردنەوە بە پۆستی ئەلیكترۆنی، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر ناشیرین وەڵامیان دامەوەو باوەڕیان پێنەكردم؟

رووداو: بۆچی بابەتەكەیان بە هێند وەرنەگرت؟

خەلیل: من نازانم بۆچی، بەڵام وا هەست دەكەم لەبەر ئەوەبێت كە من هاووڵاتییەكی فەڵەستینی موسڵمانم و خاوەنی فەیسبووكیش بە رەگەزئیسرائیلییە، من وا هەست دەكەم كێشەكە بە كێشەیەكی سیاسی لێكدرابێتەوە.

رووداو: پەشیمان نیت لەوەی لەسەر دیواری (مارك)ت نووسیوە؟

خەلیل: نەخێر، بەهیچ شێوەیەك پەشیمان نیم لەوەی كردوومە، ئەگەر دان بەو هەڵەیەدا نەنێن، كە فەیسبووك هەیەتی، بەدڵنیاییەوە دووبارە (مارك) هاك دەكەمەوە.

رووداو: هیچ كەسێك یارمەتی دای لە دۆزینەوەی ئەو هەڵەیە؟

خەلیل: نەخێر هیچ كەس و لایەنێك پاڵپشتی و هاوكاری نەكردووم.

رووداو: چۆن و بۆچی داوای هاوكای و كۆمەكی مادیت كرد بۆ پاڵپشتی؟

خەلیل: بۆ ئەوە ئەو كەمپینەم پێكهێنا چونكە فەیسبووك ئامادە نەبوو هیچ خەڵاتێكم بكات. بڕێكی زۆر پارەشیان بۆ كۆكردوومەتەوە، ئەوانەی پاڵپشتییان كردووم كەسایەتی زۆر بەناوبانگیان تێدابوو، لەوانەش ستیڤ براون، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت.

رووداو: پێتخۆشە خەڵك پێتبڵێ هاككەر، یان پرۆگرامساز؟

خەلیل: ئەو پرسیارەم زۆر لێكراوە لە چەند رۆژی رابردوو، من هاككەری سپیم و پرۆگرامسازم، چونكە هاككەر هەردەم بە ئەنجامدانی كاری خراپ ناسراوە، بۆیە نامەوێت پێم بڵێن هاككەر.

رووداو: پەیوەندیت هەیە بە هیچ گرووپێكی هاككەرەوە، یاخود لە هیچ گرووپێك بەشداری؟

خەلیل: بەڵێ، ئەندامی یانەی پرۆگرامسازانی فەڵەستین و یانەی هاكی جیهانی (هاك فۆڕومس)م.

رووداو: جگە لە فەیسبووك تویتەریش بەكاردێنی؟

خەلیل: لە چەند رۆژی رابردوو چەندان كەس داوایان لێكردم ناوی تویتەرەكەمیان پێبدەم بۆ ئەوەی پەیوەندیم پێوە بكەن، لەبەر ئەوەی من بەكارهێنەری فەیسبووكم و زیاتر لەگەڵ ئەو راهاتووم و ئەكاونتی تویتەرم نەبوو.

رووداو: چی بە بەڕێوەبەرانی فەیسبووك دەڵێی؟

خەلیل: تەنیا دەڵێم چاوەڕوان بن.