رووسیا رەخنەی تووند لە ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس دەگرێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا رەخنەی تووندی لە ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس گرت و بە "شکستێکی گەورە"ـی دەزانێت.
 
رۆژی شەممە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باسی لە ژمارەیەک کەموکوڕی ئاهەنگەکە کرد و لە پەیامێکدا لە تێلیگرام نووسیویەتی "بەنیاز نەبووم سەیری کردنەوەکە بکەم، بەڵام دوای بینینی وێنەکان، بڕوام نەکرد کە ئەوانە بە دیپ فەیک یان فۆتۆشۆپ دروستنەکرابن."
 
یەکێک لەو شتانەی زاخارۆڤا رەخنەی لێدەگرێت، نمایشی کۆمەڵێک پیاوی هاوڕەگەزخواز بوو، کە تێیدا لاسایی دوایین ئێوارەخوانی پیرۆزی پەیامبەر عیسا (د.خ.) دەکەنەوە. 
 
زاخارۆڤا دەڵێت "ئەوە سووکایەتیکردن بوو بە چیرۆکێکی پیرۆزی کرستیانەکان" و ،"یاوەران [ـی عیسا (د.خ.)] بە هاوڕەگەزخواز نیشاندران."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هەروەها رایگەیاند "وادیارە پاریس گوتوویەتی، ئەگەر ئەڵقەکانی ئۆڵۆمپیاد رەنگاورەنگ بن، ئەوا دەتوانین بیکەین بە رێپێوانێکی گەورەی هاوڕەگەزخوازان."
 
هەروەها ڤاختانگ کیپشیز، گوتەبێژی کەنسەی ئۆرسۆدۆکسی رووسیا ئەو بەشەی ئاهەنگەکەی سەرکۆنەکرد و بە "خۆکوشتنی مێژوویی و کولتووری" وەسفیکرد. 
 
بەهۆی جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، رێگە بە تیمی ئۆڵۆمپیی رووسیا نەدراوە لە یارییەکاندا بەشدار بێت، تەنیا ئەو یاریزانانە نەبن کە وەک "بێلایەن" بەشدار بوون. 
 
زاخارۆڤا دەڵێت "ئاهەنگە بێماناکە، کە لە شوێنێکی کراوەدا کرا، میوانەکانی ناچارکرد بۆ چەندین کاژێر لەژێر باراندا بمێننەوە."
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات "رێکخەرەکان بیریان لە بارانبارین یان دابینکردنی چەتر نەکردبووەوە،" ئەوە لەکاتێکدایە رووسیا پێش ئەو بۆنە و چالاکییە گەورانەی لە شوێنی کراوەدا دەکرێن، بە فڕۆکە هەوڵی پەرشکردنی هەورەکان دەدات بۆ ئەوەی باران نەبارێت. 
 
پێش دەستپێکردنی یارییەکان، فەرەنسا پیاوێکی رووسیی دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵیداوە "ئاژاوە بنێتەوە".
 
زاخارۆڤا هەروەها بەگاڵتەوە باسی لە "داڕووخانی ئامرازەکانی گواستنەوە"ـی فەرەنسا کرد، دوای ئەوەی کە لە سێ شوێن گڕ لە میترۆی پاریس بەردرا. فەرەنسا ئەوەی بە تاوانێکی نەخشە بۆدانراو دانا. 
 
خانمە رووسییەکە ئاماژە بەوە دەکات، نێوەڕاستی پاریس "بووەتە ئۆردوگای بێلانەکان و شەقامەکانیش بەر لێشاوی جرجەکان کەوتوون."
 
زاخارۆڤا هەروەها گاڵتە بەو هەڵانە دەکات کە لە ئاهەنگی کردنەوەکەدا کران، لە نێویاندا ناساندنی کۆریای باشوور وەک کۆریای باکوور و سەراوژێر بەرزکردنەوەی ئاڵای ئۆڵۆمپیاد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە