ئەسپەکانی سوپای بەریتانیا خانەنشین دەکرێن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
خانەنشینکردنی ئەسپەکانی سوپای بەریتانیا
خانەنشینکردنی ئەسپەکانی سوپای بەریتانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناوچەیەکی تەپۆلکەکانی شاری هێرتفۆردشێر لە بەریتانیا، بۆ خانەنشینکردنی ئەسپەکانی سوپای بەریتانیا تەرخان کراوە، ئەو ئەسپە شاهانانەی خزمەتی 10 بۆ 17 ساڵیان لە لەندەندا هەیە.
 
رێکخراوی (هۆرس ترەست) کە تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە، ئەرکی خانەنشینکردنی ئەسپەکانی لەئەستۆگرتووە.
 
جانێت ئالن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی هۆرس ترەست دەڵێ "جەنگی یەکەمی جیهانی دەستیپێکرد، دوای ئەوە ژمارەیەک ئەسپی سەربازی لێرە خانەنشین کران و لەلایەن چەند سپۆنسەرێکەوە پارەیان بۆ درا. ئەمە تاوەکو هەشتاکان بەردەوام بوو. دوای رووداوی تەقینەوەکەی هاید پارک، سێ ئەسپی بریندار بە برینی سەخت، بە ناوەکانی سێفتۆن، ئێکۆ و یەتی هێنرانە ئێرە و تاوەکو تەمەنی 30 ساڵی ژیان."
 
ئەرکی بەخێوکردن و چاودێریکردنی ئەسپەکان لەسەر ئەم رێکخراوە و چەند رێکخراوێکی دیکەی خێرخوازییە، واتا سوپای بەریتانیا هیچ پارەیەک بۆ ئەم مەبەستە خەرج ناکات.
 
بەشێک لەو ئەسپە شاهانانەی لە تەپۆلکەکانی شاری هێرتفۆردشێر خانەنشین بوون، پێشتر خزمەتی چەندین ساڵیان پێشکێش بە شا و شاژنی بەریتانیا کردووە. بەشێکیشیان وەک ئەسپی پۆلیس، رۆژانە چەندین کاژێریان لە شەقامە قەرەباڵخ و پڕ ژاوەژاوەکانی لەندەندا بەسەر بردووە. بەڵام لەم شوێنەدا ژیانێکی ئارام بەسەردەبەن و پشوو دەدەن.
 
جانێت هەروەها دەڵێ "ئەوەی زۆر شانازیی پێوەدەکەین ئەوەیە، خانەنشینێکی شکۆمەندانە پێشکێش بەو ئەسپانە دەکەین کە شایستەی هەموو سەربازێکی دێرینە. لەوانەیە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە هیچ شەڕێکیان نەبینێبێت، بەڵام ئەوان باشترینی خۆیان پێشکێشی بەریتانیا کرد و خزمەتی شا و شاژنیان کرد، بۆیە ئەوان شایانی باشترینن."
 
سوپای بەریتانیا نزیکەی 200 ئەسپی هەیە. ئەسپەکان لە تەمەنی 4 بۆ 6 ساڵی دەخرێنە نێو سوپا و نزیکەی 15 بۆ 20 ساڵ لە ئەرکدا دەبن، دواتر خانەنشین دەکرێن.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە