باراک ئۆباما و میشێلی هاوژینی پاڵپشتی خۆیان بۆ کامالا هاریس دەردەبڕن

رووداو دیجیتاڵ

کامالا هاریس بە هەستێکی پڕ لە شانازی و بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و میشێلی هاوژینی کرد.
 
ئۆباما کە 20 ساڵە هاوڕێی نزیکی کامالا هاریسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکایە، پاڵپشتی خۆی بۆ دووپاتکردوە.
 
ئۆباما لە تەلەفۆنەکەدا بە هاریسی گوت "ئێمە بۆ ئەوە پەیوەندیمان پێوە کردی پێتبڵێین، من و میشێل زۆر شانازی بەوەوە دەکەین کە پاڵپشتیت لێ بکەین و هەموو شتێک کە لەتواناماندا بێت، دەیکەین بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکە براوە بیت و بگەیتە کۆشکی سپی." 
 
دوای کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێکە، تادێت پاڵپشتیی سەرکردەکانی دیموکراتەکان بۆ کامالا زیاتر دەبێت.
 
بەپاڵپشتیکردنی ئۆباما لێی، دەرگایەکی فراوانتر بۆ کامالای تەمەن 59 ساڵ دەکرێتەوە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 کەسایەتی نێو دیموکراتەکان پاڵپشتییان بۆ دەربڕیوە.
 
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پەیوەندییەکەدا گوتی "میشێل و باراک، ئەو پاڵپشتییەی ئێوە بۆ من هەموو شتێکە. بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە دەمەوێت لەگەڵ ئێوە هەردووکتان بچمە نێو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە. دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم ئەو قسانەی ئێوە کردتان و ئەو هاوڕێیەتییەی ئێوە چەندین ساڵ بەمنتان بەخشیوە، ناتوانرێت باس بکرێت."
 
تاوەکو پشتیوانییەکانی دیموکراتەکان بۆ کامالا زیاتر دەبێت و لە بوون بە بەربژێری فەرمی نزیک دەبێتەوە، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان زیاتر هێرشی دەکاتە سەر.
 
ترەمپ لەبەردەم لایەنگرانی لە فلۆریدا کامالای بە "بێکەڵک" و "شکستخواردوو" ناوبرد و گوتی "ئەو، سێ هەفتە پێش ئێستا کەسێکی بێکەڵک بوو، ئەو کەسێکی بێکەڵکە، جێگری سەرۆکێکی شکستخواردووە و لە ئیدارەیەکی شکستخواردووە. لەکاتێکدا هەزاران کەس لە سنوورەکان دەپەڕنەوە، ئەو تەنیا سەیری دۆخەکەی دەکرد."
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە دیموکراتەکان بەفەرمی بەربژێرێکی دیکە وەکو جێگرەوەی بایدن پەسند بکەن.
 
بەپێی نوێترین راپرسی کەناڵی سی ئێن ئێن، ئەگەر کامالا بەفەرمی ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان و ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، ترەمپ 49٪ و کامالاش 46٪ـی دەنگی ئەمریکییەکان بەدەستدەهێنن.