لە ئەڵمانیا کەسێک بە تاوانی کوشتنی دوو منداڵ بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
 دادوەر لەکاتی سزادانی تاوانباری کوشتنی دوو منداڵەکە
دادوەر لەکاتی سزادانی تاوانباری کوشتنی دوو منداڵەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەڵمانیا کەسێک بە تاوانی کوشتنی دوو منداڵ بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا. دوو ساڵ پێش ئێستا لە شاری هانۆڤەر بەهۆی پێشبڕکێکردن لەگەڵ شۆفێرێکی دیکە، بە ئۆتومبێلەکەی خۆی بە ئۆتومبێلێکی دیکەدا کێشا کە ژنێک و دوو منداڵی تێدا بوون، دوو منداڵەکە گیانیان لەدەستدا و دایکیشیان بە سەختی بریندار بوو.
 
سەربەست ئەحمەد، باوکی دوو منداڵەکە دەڵێت: "دەمەوێت سوپاسی داواکاری گشتی، دادوەرەکە و تیمەکەی بکەم، چونکە ئەمە کارە دادپەروەرییەکەیان کرد. دەزانم منداڵەکانم ناگەڕێنەوە و کاتێکی زۆری ویست بۆ بڕیارەکە. ناتوانم بە باشی قسە بکەم و ماوەیەکی زۆرە ژنەکەم ئازار دەچێژێت." 
 
ئیوا لەگەڵ هاوڕێیەکی لەسەر شەقامێکی شارەکە سەرقاڵی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل بوون. لەو کاتەدا بە خێرایی 180 کیلۆمەتر دەڕۆیشت. دوو منداڵەکە و دایکیان بە ئۆتۆمبێل بە ناوچەکەدا دەڕۆیشتن، ئیوا خۆی پێدا کێشان. 
 
هارون دوڕان، پارێزەری خێزانی منداڵەکان باسی لەوە کرد: "ئەمڕۆ شەڕە یاساییەکە گەیشتە کۆتایی. ماوەیەکی زۆر گفتوگۆمان کرد ئایە ئەمە بە ئەنقەست بووە یان نا. دادگە گوێی لە ئێمە گرت و بڕیاریدا کە ئەمە کوشتن بووە. ئەمە تاکە سزایە دادپەروەری بۆ خێزانێک دەهێنێت کە ئازاری زۆریان چەشتووە". 
 
شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی پێشبڕکێی لەگەڵ ئیوا دەکرد، ئەویش بە چوار ساڵ زیندانی بە تاوانی هاوکار بوون لە کوشتنی منداڵەکان سزادرا. 
 
سیلک ویلیج، پارێزەری ئیوا گوتی: "دڵخۆش نین بە بڕیارەکە و تانەی لێدەدەین." 
 
بە گوێرەی نووسینگەی ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا، پار دوو هەزار و 830 کەس لەو وڵاتە بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە