کامالا هاریس بۆ نەتەنیاهوو لەبارەی جەنگی غەززە: لە بەردەوامبوونی نەهامەتییەکان بێدەنگ نابم


رووداو دیجیتاڵ

لەبەردەم کۆشکی سپی دژی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا خۆپێشاندان کرا. دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، بنیامین نەتەنیاهوو لەگەڵ جێگرەکەی کۆبووەوە و گوێبیستی هەڵوێستێکی نوێی ئیدارەی بایدن بوو.
 
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "جموجۆڵی ئەرێنی لە گفتوگۆکاندا هەبووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. هەروەک بە سەرۆکوەزیران نەتەنیاهووشم راگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە بگەنە رێککەوتن، بۆیە بۆ هەموو ئەوانەی داوای ئاگربەست و ئاشتی دەکەن، دەتانبینم و گوێم لێتانە، نابێت پشت لەو تراژیدیایانە بکەین، نابێت رێگە بەخۆمان بدەین بەرامبەر بەو نەهامەتییانە سڕ بین. من بێدەنگ نابم." 
 
کۆبوونەوەی نەتەنیاهوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی لەکاتێکدایە، گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە لەسەر بنەمای پلانەکەی بایدن دەستیان پێکردووەتەوە. 
 
بەگوێرەی پلانی ئاگربەستەکەی بایدن، کە لە 10ی حوزەیران لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا، بریتییە لە سێ قۆناخ.
 
- قۆناخی یەکەم بریتییە لە راگرتنی شەڕ و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچانەی خەڵکی سڤیلی تێدایە. 
- قۆناخی دووەم، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەرانسەری غەززە لەگەڵ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
- قۆناخی سێیەمیش، بنیاتنانەوەی غەززە بە هاوکاریی وڵاتە عەرەبییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
 
لەکۆی ئەو 251 بارمتەیەی لە 7ـی ئۆکتۆبەری پار لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بۆ غەززە رفێندران، 111یان هێشتا لەنێو غەززەن، ئیسرائیل کوژرانی 39 بارمتەی پشتڕاستکردووەتەوە. دوای کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەیان، نەتەنیاهوو و بایدن لەگەڵ کەسوکاری ژمارەیەک بارمتە کۆبوونەوە. 
 
جۆنتان دیکیل چێن، باوکی بارمتەکەی ئەمریکی باسی لەوە کرد: "ئێمە پابەندبوونێکی تەواومان لە ئیدارەی بایدن و سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو پێگەیشت و رایانگەیاند ئەوان لە پەلەکردنی ئێمە تێدەگەن و دەزانن نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدەن و دەبێت بگەنە رێککەوتن." 
 
لە واشنتن، نەتەنیاهوو لە نزیکەوە گوێی لە هەڵوێستی دیموکرات و کۆمارییەکان لەبارەی ئایندەی جەنگی غەززە بوو. ستراتیژییەتی هەردوو پارتەکەی ئەمریکا بۆ جەنگە زیاتر لە نۆ مانگییەکە، بە خاڵێکی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دادەنرێت.