دوو گەنجی سنووری ئامێدی لە دارستانەکانی بولگاریا گیانیان لەدەستدا و کەسوکاری داوای تەرمەکانیان دەکەنەوە

 
رووداو - ئامێدی

دوو گەنجی ناحیەی شێلادزێ و دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی لە رێگەی کۆچدا بەرەو ئەوروپا و لە دارستانەکانی بولگاریا گیانیان لەدەستدا، بنەماڵەکانی ئەو دوو گەنجە داوا دەکەن تەرمی کوڕەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
 
رێکەوت باقی یەکێکە لە گەنجەکان و تەمەنی 25 ساڵە، بە گوتەی بنەماڵەکەی نەخۆشکەوتووە و دواتر گیانی لەدەستداوە. باقی نێروەیی، باوکی رێکەوت دەڵێت، ئەوان ناشارەزان و گەشتیان بۆ دەوڵەتێکی دیکە نەکردووە، هەربۆیە داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەن بەهانایانەوە بچن.
 
دیندار داوودی 18 ساڵیش لەگەڵ گرووپێکی دیکە بووە، دوای شەش رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی تەرمەکەی لەنێو دارستانێکی بولگاریا دۆزرایەوە و رادەستی پۆلیس کرا، کەسوکاری چاوەڕێن لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرمەکەی بگەڕێننەوە.
 
کافیە محەممەد سەلیم، دایکی دیندار بەدەم گریانەوە گوتی، کوڕەکەی هەر گوتوویەتی دەچێتە ئەوروپا و ئەویش پێی گوتووە نەچێت، "بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر قسەی خۆی و گوتی، ئەگەر بشمرم هەر دەڕۆم. داوا لە حکومەت دەکەم بەزووترین کات تەرمی کوڕەکەم بۆ بگەڕێنێتەوە. هیوادارم ئیدی رێگەبگرن لە چوونی گەنجان بۆ ئەوروپا و با کەس نەچێت، دڵی من سووتا، با دڵی کەسی دیکە نەسووتێت."
 
بەپێی ئاماری دەزگای لووتکە، لەنێوان ساڵانی 2015 تاوەکو 2023دا 319 کۆچبەری عێراقی و هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆچی نایاساییدا گیانیان لەدەستداوە و 236 کەسی دیکەش تائێستا بێسەروشوێنن.