رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەدوای دۆڕانی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020، سەردانی واشنتن دی سی پایتەختی کرد.
رۆژی سێشەممە 26-7-2022، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی دوو رۆژەی تایبەت بە پەیمانگەی "ئەمێریکان فێرست پۆڵیسی" نزیک لە کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ سەردانی واشنتنی پایتەختی کرد.
سەردانەکەی ترەمپ بۆ واشنتن، لەدوای 18 مانگ دێت لە چوونە دەرەوەی لەو شارە و گەڕانەوەی بۆ نیویۆرک کە شوێنی نیشتەجێبوونیەتی؛ هەروەها سەردانەکەی لە کاتێکدایە کە کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرپەرشتیی دیموکراتەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 بۆسەر باڵەخانەی کۆنگرێس کە تێیدا لیژنەی لێکۆڵینەوەکان ترەمپ بە "هاندانی" خۆپێشاندەران بۆ هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
ترەمپ لێکۆڵینەوەکان بە "سیاسی" ناودەبات و بە هەوڵێکی دیموکراتەکان بۆ رێگریکردن لێی لە خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە 2024 دادەنێت.
ترەمپی تەمەن 76 ساڵ، هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنەکەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 ساختەکاری تێدا کرا و ئەو براوەی راستەقینەی هەڵبژاردنەکان بووە.
بە گوێرەی دوایین راپرسیی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی، هێشتا نیوەی کۆمارییەکانی ئەمریکا پشتگیری لە ترەمپ دەکەن لە بەرامبەر نیوەکەی دیکە کە ئامادەییان دەربڕیوە دەنگ بە هەر کۆمارییەک بدەن جگە لە ترەمپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ