راپۆرتێک: لە 2024 ڤیەننا شیاوترین و دیمەشق ناشیاوترین شارن بۆ ژیان

27-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیایەکی توێژینەوەی بەریتانیا راپۆرتی شیاوترین شارەکانی جیهان بۆ ژیان بڵاوکردەوە. تێیدا، ڤیەننا پلەی یەکەم و دیمەشقیش پلەی کۆتایی بەدەستهێناوە. تەلئەڤیڤی ئیسرائیلیش بەهۆی جەنگی غەززەوە 20 پلە دابەزیوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 27-06-2024، کۆمپانیای EIUـی بەریتانی تایبەت بە توێژینەوە و شرۆڤە، راپۆرتی (شیاوترین شوێنی ژیان)ـی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە.
 
لە راپۆرتەکە ڤیەننای پایتەختی نەمسا پلەی 98.4ـی هێناوە و بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک وەک شیاوترین شار بۆ ژیان دەتستنیشانکرا. لە ریزبەندیی کۆتاییش شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا دێت کە پلەی 30.7ـی بەدەستهێناوە و ناشیاوترین شارە بۆ ژیان.
 
کۆمپانیاکە لە راپۆرتەکەیدا 173 شاری بەسەر حەوت ناوچەی جیهان دابەشکردووە. 10 شیاوترین شارەکانی جیهان بۆ ژیان بریتین لە: ڤیەننا، نەمسا؛ کۆپنهاگن، دانیمارک؛ زیوریخ، سویسرا؛ مێلبۆرن، ئوسترالیا؛ کالگری، کەنەدا؛ جنێڤ، سویسرا؛ سیدنی، ئوسترالیا؛ ڤانکوڤەر، کەنەدا؛ ئۆساکا، ژاپۆن و ئۆکڵاند، نیوزیلاند.
 
هەروەها، ئەو 10 شارەی کە ناشیاوترینن بۆ ژیان، شارێکی ئەورووپیش لەخۆ دەگرن، بریتین لە: دیمەشق، سووریا؛ تەرابلوس، لیبیا؛ جەزائیر، جەزائیر؛ لاگۆس، نایجیریا؛ کاراچی، پاکستان؛ داکا، بەنگلادیش؛ هەرارێ، زیمبابوێ؛ پۆرت مۆرسبی، پاپوا نیو گینیا؛ کیێڤ، ئۆکراینا و کاراکاس، ڤەنزوێلا.
 
کۆمپانیا بەریتانییەکە لە راپۆرتەکەیدا پشتی بە پێنج پێوەر بەستووە و هەر پێوەرێکیشی لەسەر 100 نمرە داناوە؛ ئەوانیش: سەقامگیری، چاودێریی تەندروستی، کولتوور و ژینگە، پەروەردە و ژێرخانن. دواتر کۆمپانیاکە هەموو نمرەکانی کۆکردووەتەوە و تێکڕای لەسەر 100 خاڵی کۆتایی داناوە.
 
لە راپۆرتەکە کۆمپانیاکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە چەند شارێک بەراورد بە ساڵی رابردوو پلەیان بەرزبووەتەوە. هۆنگ کۆنگ 11 پلە، سەنگاپۆرە 8 پلە و بوداپێستی پایتەختی هەنگاریاش 7 پلە بەسەرکەوتوون.
 
لەلایەکی دیکە، بەهۆی جەنگی غەززەوە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل 20 پلە دابەزیوە و چووەتە پلەی 112ـی لیستەکە، مەیامی لە ئەمریکا 8 پلە، دبلن 7 پلە و میونخی ئەڵمانیاش 6 پلە دابەزیون.
 
هەرچی لەبارەی ناوچەکانی جیهانە، راپۆرتەکە شارەکانی بەسەر حەوت ناوچە دابەشکردووە و هەر ناوچەیەک شارێک تێیدا زۆرترین خاڵی بەدەستهێناوە. ڤیەننا لە رۆژئاوای ئەورووپا، کالگری لە ئەمریکای باکوور، مێلبۆرن لە ئاسیا و ئوسترالیا، بیۆنێس ئایرێس لە ئەمریکای لاتین، یۆهانسبێرگ لە ئەفریقا، بوداپێست لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئەبوزەبی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفرقیا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا

بەرپرسێکی پارتی لە ئەمریکا: دیموکرات و کۆمارییەکانیش یارمەتیی کوردیان داوە

بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا دەڵێت: دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. گوتیشی ''ترەمپ سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانە و تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاوە.''