بایدن و ترەمپ لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کاژێری چواری بەرەبەیانیی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر، لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، بەربژێرە سەرەکییەکانی هەردوو پارتی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.
لە یەکەم دیبەیتی راستەوخۆی ئەم ساڵدا کە لە شاری ئەتلانتای پایتەختی ویلایەتی جۆرجیا بەڕێوەدەچێت. هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکی دیموکراتەکان رووبەڕووی نەیارە سەرسەختەکەی دۆناڵد ترەمپی بەربژێری سەرەکی کۆمارییەکان دەبێتەوە.
ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا لەم کاتەدا دیبەیت بکرێت کە هێشتا نزیکەی پێنج مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
دیبەیتەکە 90 خولەکە و تەنیا دوو پشووی چەند خوولەکی تێدایە و هەر بەربژێرێک پرسیارێکی ئاراستە بکرێت بۆی هەیە بۆ ماوەی دوو خولەک قسە بکات دواتر مایکەکەی دەکوژێنرێتەوە. بەربژێران بۆیان نییە هیچیان پێ بێت و لەوێ تەنیا قەڵەمێک و دەفتەرێک و پەرداخێک ئاویان دەدرێتێ. بینەریش لەنێو ستۆدیۆ نابێت.
پێش دەستپێکردنی دیبەیتەکان، ترەمپ و بایدن هێرشیان کردە سەر یەکدی و ترەمپ کە سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە بە "جۆی خەواڵو" ناودەبات، رایگەیاند رکابەرەکەی رەنگە پێویستی بە حەب و دەرمانە تاوەکو بتوانێت بگاتە کۆتایی دیبەیتەکە.
راشیگەیاند: "جۆی خەواڵوو هەر لەئێستاوە خەوتووە تاوەکو خەوێکی باش بکات پێش دیبەیتەکە. چونکە ئەو ناتوانێت دوو رستە پێکەوە بنێت."
لەبەرامبەردا، بایدنیش هێرشەکانی بۆ سەر رکابەرە کۆمارییەکەی کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژاردنەکان بەسەریدا سەرکەوت، دەستپێکرد و رایگەیاند: "لەساڵی 2020 دۆناڵد ترەمپ دوو دیبەیتی بەرامبەرم دۆڕاند. لەوکاتەشەوە ئامادە نەبوو هیچ دیبەیتێکم لەگەڵ بکات. ئێستاش دەیەوێت دیبەیت بکاتەوە، ئەوا من ئامادەم و خۆت دەربخە."
بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، چاوەڕێ دەکرێت، لەو دیبەیتەدا، ترەمپ رەخنەی تووند لە سیاسەتەکانی چوار ساڵی رابردووی، ئیدارەکەی بایدن بگرێت بەتایبەتی لە پرسەکانی ئابووری، کۆچبەرانی سەر سنووری مەکسیک، گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی داهات.
لە بەرامبەردا چاوەڕێ دەکرێت، بایدن راستەوخۆ ئاماژە بەوە بکات ترەمپ ئێستا تاوانباری فەرمییە دوای ئەوەی مانگی رابردوو لەلایەن دادگەیەکی نیویۆڕکەوە لەسەر 34 تۆمەت بە تاوانبار ناسێندرا و ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری دادگەیە بۆ جۆری سزاکەی.
چاوەڕێش دەکرێت بە ملیۆنان ئەمریکی تەماشای یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمساڵ بکەن، کە لەنێو ستۆدیۆیەکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەدوای ئەوەی لە یەکەم دیبەیتیاندا لەساڵی 2020، 73 ملیۆن کەس بینەری دیبەیتی هەردوو بەربژێرەکە بوون.
بەگوێرەی دوایین راپرسی سەرۆکایەتی پێش دیبەیتەکە، دۆناڵد ترەمپ پێشبینیکراوە 46٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و لەبەرامبەریشدا 45٪ی دەنگ بۆ بایدن بێت.