گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هێرشکردنە سەر هێزەکانمان جێگەی قبووڵکردن نییە

27-06-2024
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "بە روونی بە ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێرانمان گوتووە، هێرشکردنە سەر هێزەکانمان جێگەی قبووڵکردن نییە".

پێنجشەممە، 27-06-2024، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هێزانە [هاوپەیمانان] بۆ ئامانجی تێکشکاندنی داعش لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەوێن، لە داهاتووشدا ئەو ئامانجە دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی دووقۆڵی درێژخایەن لە نێوان ئەمریکا و عێراق. دەشڵێت: بە روونی بە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانمان گوتووە ''هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا جێگەی قبووڵکردن نییە''.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی ئۆفیسی رووداو لە واشنتن لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەگەری نەکشانەوەی ئەو هێزانە بە رووداوی راگەیاند، "[هێزەکانی] ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەوێن تاوەکو بەیەکجاری داعش تێکبشکێنن. ئەو ئامانجەش دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی درێژخایەن لە نێوان ئەمریکا و عێراق''.

سەبارەت بە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش کە رایانگەیاندووە، "ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی نەباتە دەرەوە، دەست بە هێرشەکان دەکەینەوە" ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ''ئێمە بە روونی بە ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانمان گوتووە، هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا جێگەی قبووڵکردن نییە، دوودڵ نابین لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان".

سەبارەت بە گفتوگۆ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیش لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کە بە گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و ئەمریکا ناسراوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ''گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی هێشتا بەردەوامن، هیچ شتێکمان نییە ئێستا لەبارەی ئەو گفتوگۆیانە رایبگەیێنین".

ئاماژەی بەوەش داوە، پڕۆسەی گفتوگۆ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لەسەر بنچینەی گفتوگۆ ستراتیجییەکان و هەروەها ''پابەندی هاوبەشیان بۆ هاوئاهەنگی ئەمنی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی (نێوان عێراق و ئەمریکایە) لە هەبوونی سەقامگیری ناوچەکەدا".

کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئامانجی تێکشکاندنی داعش لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2024 دەستی بە کارەکانی کردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

پێشتر پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی گوتبوو، "گفتوگۆکان بەردەوامن و رەنگە چەندین هەفتەی دیکەش بەردەوامبن".

لە بەرامبەردا، گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانیلێکراو لەلایەن ئێرانەوە لە عێراق کە بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ناسراون، چەندجارێک هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کردووە، ئەگەر کاتێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاری نەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا

بەرپرسێکی پارتی لە ئەمریکا: دیموکرات و کۆمارییەکانیش یارمەتیی کوردیان داوە

بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا دەڵێت: دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. گوتیشی ''ترەمپ سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانە و تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاوە.''