باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق: ئامادەین هاوکاریی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆشحاڵن رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و گوتی: "بە گەرمی پێشوازیی لێدەکەین." ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر داوامان لێبکرێت ئامادەین یارمەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بدەین."
رۆژی پێنجشەممە، 27-06-2024 کاتی بەنکا، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "کەنەدا و چەندین هاوبەشی دیکەی، خۆشحاڵن کە کاتێک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دیاریکرا. ئێمە بە گەرمی پێشوازیی لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنی هەڵبژاردن دەخوازین. متمانەی تەواومان هەیە کە دەسەڵاتداران گیانی دیموکراسی و هەموو ئەزموونێکی پێویستیان هەیە بۆ کردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر."
دوێنێ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20-10-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای ئەوە کۆمیسیۆنیش ئامادەیی هەڵبژاردنی لەو رۆژەدا نیشاندا و بەدەستگەیشتنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی ئاشکراکرد.
خانمە باڵیۆزەکە گوتیشی: "ئێمە لەلایەن حکومەتەوە هیچ داوایەکمان بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدان پێنەگەیشتووە؛ بەڵام ئێمە چاودێریی بەرەوپێشچوونەکان دەکەین و ئەگەر داوامان لێبکرێت، ئامادەین یارمەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەین."
رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی شەشەمى پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى هەمان ساڵ کۆتایی دەهات.
لە 30ـی ئایارى 2023، دادگە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، بە پاساوى ئەوەى "نادەستوورییە."