کارەساتی 'بەلەمە شوومەکە'ـی کەناراوەکانی ئیتاڵیا چۆن روویدا؟

27-06-2024
لهۆن نەسرەدین
راپۆرتی تایبەت ؛ نقوومبوونی بەلەمی کۆچبەران بە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری کوردەوە لە کەناراوەکانی ئیتالیا
راپۆرتی تایبەت ؛ نقوومبوونی بەلەمی کۆچبەران بە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری کوردەوە لە کەناراوەکانی ئیتالیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک کۆچبەری کورد، سەرنشینی بەلەمێکی "شووم" بوون بەرەو ئەورووپا. کۆچبەرەکان لەسەر ریتمی شەپۆلە بێبەزەییەکانی دەریای نێوەڕاست، گۆرانییان گوت، بەڵام دوای چوار رۆژ لە دەستپێکی گەشتەکەیان، مردنی زۆربەیان بووە سەردێڕی هەواڵەکانی جیهان.
 
چی روویدا و چۆن روویدا؟ لێرە بە وردەکارییەوە باسی دەکەین.
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی حوزەیران؛ نزیکەی کاژێر 05:50ـی بەیانی، بەلەمێك لە شاری بۆدروومی تورکیا بە 76 کۆچبەرەوە کە زۆربەیان کوردی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوون، بەڕێکەوت. 
 
بەلەمەکە 24 تاوەکو 26 منداڵی تێدا بووە؛ زۆربەیان خێزان و ژمارەیەکی کەمیان زگوورت بوون.
 
هاوشێوەی زۆربەی گەشتی دیکەی کۆچبەران، دوور لە چاوی پاسەوانانی تورکیا، گەشتیی ئەم بەلەمە دەستپێدەکات و کەناراوەکانی تورکیا تێدەپەڕێنێت.
 
پلانەکە وا بووە؛ کەناراوەکانی یۆنان ببڕن و بگەنە کەناری دوورگەی کالابریای باشووری ئیتالیا، واتە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر ببڕن. سێ رۆژی یەکەم هەموو شتێک ئاسایی بووە؛ کارەساتەکە لە رۆژی چوارەمدا روویدا، لە 13ـی حوزەیران.
 
دەگوترێت: بزووێنەری بەلەمەکە دەشکێت و دەبێتە هۆی کونبوونی بەلەمەکە. بەلەمەکە ژێرئاو دەکەوێت و لە نزیکەی 30 خولەکی سەرەتادا زیاتر لە 40 کەسیان دەخنکێن و ئەوانەی دیکە، خۆیان بە بەلەمە نیوە نقوومبووەوەکەوە دەگرنەوە.
 
لە دوو رۆژی یەکەمی رووداوەکەدا، بەشێکیان لە برسیێتی و تینوویێتی دەمرن، هەندێکیشیان بەرگەی سەرما ناگرن و رەقدەبنەوە و دەکەونە نێو دەریاوە. ئەوانەی دەمێننەوە، 12 کەسن. 
 
رزگاربووانی بەلەمەکە چوار رۆژ بەبێ خواردن و خواردنەوە، لەو دۆخە ناهەموارەدا و لەسەر شەپۆلەکانی دەریا دەمێننەوە.
 
لە رۆژی  16ـی حوزەیران، بەڕێکەوت کەشتییەکی گەشتیاریی فەرەنسا بەوێدا تێدەپەڕێت و رزگاریان دەکات، کۆچبەرەکان دەبردرێنە هەرێمی کالابریا.
 
ڤیدیۆیەکی چەند چرکەیی، تاکە دیمەنی ساتی رزگارکردنی 12 کۆچبەرەکەیە، کە خاچی سووری ئیتاڵی مردنی یەکێكیانی لەکاتی گەیاندنی بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا پشتڕاستکردەوە.
 
کۆنسێتا گیۆفرێ، خاچی سووری ئیتاڵیا دەڵێ "بەگشتی تەنیا 12 کۆچبەر رزگارکراون، دەست و قاچیان شکابوو و بەشێك لە جەستەیان سووتابوو. کە تیمەکە گەیشتبووە لایان، بەشێكیان خۆیان بە داروپەردووی بەلەمە نیمچەژێرئاوکەوتووەکەوە گرتبووەوە. لەنێو ئەو 12 کۆچبەرانە ژنێك بە مردوویی گەیێنرایە کەنارئاوەکە. سێ ژن و کچێکی تەمەن 10 ساڵیشیان تێدا بوو، بارودۆخی زۆر خراپ بوو."
 
رزگاربووان گەیێندرانە شاری سیڤیراتوی هەرێمی کالابریا. بەشێکیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون. 
 
مژدە عومەر، یەکێک لە رزگاربووەکانە، کە لە 6 سەرخێزان، تەنیا خۆی و کوڕێكی 14 ساڵیی رزگاریان بووە. مژدە لە نەخۆشخانەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئێمە شەش کەس بووین، خۆم و هاوژینەکەم و چوار منداڵەکەم، بۆخۆم لەگەڵیاندا بووم، دەستیان لێم بەردا. کوڕە خوشکەکەم، کچە خوشکەکەم، مێردی خوشکەکەم، هەموویان لەبەرچاوی خۆم رۆیشتن." 
 
روئیا محێدین، هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستانە و یەکێکی دیکەیە لە رزگاربووەکان، ئەوەی بینیویەتی و دەیزانێت بۆ رووداوی باس کرد.
 
روئیا گوتی "زۆرینەی سەرنشینەکان، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. 76 کەس بووین؛ 24 منداڵ لەگەڵ ژنێکی دوو گیان... سێ رۆژ و نیو لەنێو بەلەمەکەدا بووین و هیچ کێشەیەکمان نەبوو، تاوەکو گەیشتینە نێو ئاوی ئازاد. لەوێ بەهۆی ئەوەی هیچ خواردن و شت نەما، دەیانویست سندووقی پێداویستیی خۆراک دەربێنن، کە دەریانهێنا و رایانکێشا، کەشتییەکە کون بوو. ئینجا هەوڵیاندا ئاوەکە بکەنە دەرەوە، بەڵام بۆیان خاڵی نەدەکرا. بەهۆیەوە بەلەمەکە وەرگەڕا و خەڵکەکە کەوتنە نێو دەریا. نیوەیان هەر ئەو کاتە گیانیان سپارد. 35بۆ 40 کەسیش خۆیان بە بەلەمەکەوە گرت تاوەکو راست بووەوە. ماوەی چوار رۆژ بێ خواردن و خواردنەوە ماینەوە."
 
بەلەمێك بە 76 کۆچبەرەوە لە دەریای نێوەڕاست تێکدەشکێت و 4 رۆژ، کە دەکاتە 96 کاژێر، هیچ کەس و لایەنێك بە فریایان ناچێت؛ ئەوە جێگەی پرسیار و تێبینییە!
 
سێرجیۆ سکاندۆرا، رۆژنامەڤانی بنکۆڵکاری ئیتاڵی، یەکێکە لە چالاکترین رۆژنامەڤانەکانی پرسە گەرمەکان لەنێویاندا کۆچبەران. ئەو لە ئێکس هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی بڵاوکردبووەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: لایەنی پەیوەندیدار گرنگی پێنەداوە.
 
ئەلارم فۆن، رێکخراوێكی ئیتاڵییە، کاری ئاگادارکردنەوەی هێزی دەریاوانییە بۆ رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست. رۆژی رووداوەکە، وەک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكسدا دەردەکەوێت، پەیامی ئاگادارکردنەوەیان ناردوووە؛ کەچی هێزی دەریاوانیی ئیتالیا بە هانایانەوە نەچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە. 
 
لە 76 سەرنیشین، 64ـیان خنکان؛ هەردی کارۆخ، دەرباز ئاراز، ئارام عەبدولرەحمان و خونچە مەلانەبیی هاوژینی، مەنسا و مەیلی کچیان. هەژار مەولوود و سازگار حوسێنی هاوژینی، مەروان و هەژاری کوڕیان، هێمن مەنگوڕی و دەیانی دیکە کە وێنە و ناوی هەموویان بەردەست، نییە.
 
گەڕان بە دوای تەرمەکان دەستیپێکرد و تیمەکانی ئیتاڵیا 30 تەرمیان دۆزییەوە و، رەوانەی ساردخانەکانیان کردن. 
 
رووداو چاوپێکەوتنی لەگەڵ رێزان حەمەساڵح ئاغا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا کرد و گوتی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانەی رزگاریان بووە کراوە، جگە لە منداڵەکان، بۆ ئەوەی زانیاریی تەواو وەربگیرێت تاوەکو بزانن رووداوەکە چۆن بووە و چەند کەسی تێدا بووە.
 
رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بابەتەکەی ورووژاند. لە فەرحان حەقی پرسی "بەلەمێکی پەنابەران لە باشووری ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتووە و تەرمی ژمارەیەک لە پەنابەران لە ئاوەکەدا ون بوون. ئایا تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی بۆ ئیتاڵیا بۆ گەڕان بەدوای تەرمە ونبووەکان دەنێرێت؟"
 
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "داوای هاوکاری لە ئێمە نەکراوە بۆ ئەم رووداوە. بەڵام هیوادارین ئەو بەرپرسە ئیتاڵیانەی لەم بوارەدا کاردەکەن، کاری خۆیان بکەن و تەرمە ونبووەکان بدۆزنەوە." 
 
لە هەرێمی کوردستانیش؛ چووینە پرسەیانەوە. 
 
ئیام نەجم، خەڵکی شاری کەرکووکە، هاوسەرەکەی لە ئیتاڵیا چاوەڕێی بووە، بەڵام بەلەمەکە نقووم بوو و ئیام نەیتوانی بە هاوسەرەکەی بگات.
 
رۆژی شەممە، 22ـی حوزەیرانی 2024، محەممەدی هاوسەری ئیام لە پرسەکەیەوە لە کەرکووک بە رووداوی گوت "هاوسەرەکەم لەگەڵ چوار کەسی خزمی خۆم لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو، دوای پێنج رۆژ لە بەڕێکەوتنی، هەواڵی نقوومبوونی بەلەمەکەم پێ گەیشت." 
 
گەشتێک چارەنووسی بەدەست قاچاخچییە و چاوەڕێی بەزەیی ناخودایەکە.
 
گەردوون عومەر، برای موژدە عومەر کە خوشکێک، دوو زاوای و پێنج خوشکەزای لە رووداوەکەدا مردوون، بە رووداوی گوت "سەرنشینانی بەلەمەکە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون؛ ئەوان 54 کەس بوون کە برابوونە نێو بەلەمەکە، 54 کەسەکە لەگەڵ قاچاخچییەکان بەو جۆرە رێککەوتبوون ژمارەیان زیاتر نەبێت؛ بەڵام شەوی دەرچوونیان بۆیان دەرکەوت 22 کۆچبەری دیکەش خراونەتە نێو بەلەمەکەوە."
 
هیچکام لەو گرووپانە ئاگاداری یەکدی نەبوون. عومەر دەڵێت" قاچاخچییەکان بە ئێمەیان گوت بەلەمەکە 17 مەترە، بەڵام 14 مەتر بوو." 
 
چیرۆکی ئەو جوانەمەرگانە لە دەریای تاریک و سارددا کۆتاییهات و بۆ زۆربەیان تەنانەت گۆڕێکیش بۆ خەونەکانیان نەبوو؛ لە ژێر رووناکی مانگە شەوێكی تۆقێنەر بوونە نێچیری قرشەکان. تاکە یادگاریی بە جێماویشیان، گۆرانی بێزارییە "بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە بوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا

بەرپرسێکی پارتی لە ئەمریکا: دیموکرات و کۆمارییەکانیش یارمەتیی کوردیان داوە

بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا دەڵێت: دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. گوتیشی ''ترەمپ سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانە و تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاوە.''