رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی زیاتر لە 100 وڵات، پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی کەمبوونەوەی رووبەری دارستان لە جیهاندا تاوەکو ساڵی 2030 دەستیپێکردووە و زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، تەنیا لە ساڵی 2022دا زیاتر لە رووبەری خاکی سویسرا، دارستان لەنێوچووە و 85%ی لە بەرازیل، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و بۆلیڤیا بووە.
رۆژی سێشەممە 27ی حوزەیرانی 2023، رێکخراوی چاودێریی دارستانی نێودەوڵەتی، کە ئامارەکانی لە زانکۆی ماریدلاند وەردەگرێت، ئاشکرایکرد، تەنیا لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 41 هەزار کیلۆمەتر دووجا دارستان لە جیهاندا لەنێوچوون.
سەرباری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەستاندنی لەنێوچوونی دارستانەکان تاوەکو ساڵی 2030، بەراورد بە ساڵی 2021، لەنێوچوونی دارستان لە ساڵی 2022 بە رێژەی 10% زیاتر بوو.
فرانسیس سیمۆر، بەرپرسی رێکخراوەکە رایگەیاند، "ژمارەکانی 2022 بێهیواکەرن، ئێمە هیوامان دەخواست ئێستا لەنێوچوونی دارستان گەیشتبایەتە کەمترین ئاست."
رێکخراوی چاودێریی دارستانی جیهان بڵاویکردەوە، بەهۆی لەنێوچوونی ئەو رووبەرە زۆرەی دارستان لە ساڵی 2022، دارستانەکان توانای هەڵمژینی 2.7 گێگا تۆن (2 ملیار و 700 ملیۆن تۆن) گازی دوانۆکسیدی کاربۆنیان لەدەستداوە، کە ئەو بڕە یەکسانە بە بڕی پاشماوەی گازە دەردراوەکان لە هیندستان لەو ساڵەدا.
بەرازیل زۆرترین دارستانی لەنێوچووە، دوای ئەو کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و بۆلیڤیا دێن، بەوپێیە بۆلیڤیا ئەندامی رێکخراوی لەنێوچوونی دارستان نییە، زۆربەی دارستانەکانی بۆ کشتوکاڵ لەنێودەبەن.
رۆدی تایلۆر، بەڕێوەبەری بەشی پرۆگرامی دارستانی جیهان لە رێکخراوەکە رایگەیاند، "ئێمە لە ئاستێکی خراپداین و زۆرمان ماوە بگەین بەوەی دەمانەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ