وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا سنوورەکانیان بەڕووی کۆچبەراندا تووندتر دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی هەر چوار وڵاتی پۆڵەندا، هەنگاریا، سلۆڤاکیا و چیک کە بە وڵاتانی ڤایسگراد یان (ڤی-چوار) ناسراون کۆبوونەوە بەمەبەستی تووندکردنی سنوورەکانیانە بەڕووی کۆچبەراندا.
لودۆڤیت ئۆدور، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەین کە کۆچبەر پێیدا تێپەڕدەبن و ئەوەش گرنگە کە سنوورەکانمان بە باشترین شێواز بپارێزین."
بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی ئەوروپا، سنوورەکانی ئەو چوار وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەترە. لە شەش مانگ و نیوی ئەمساڵدا 1123 کۆچبەر روویان لەو سنوورانە کردووە. ساڵی رابردوو، 6127 کۆچبەری نایاسایی بەو سنوورانەدا هاتوونەتە خاکی ئەوروپا، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2021 کەمیکردووە کە 8184 کۆچبەر لەو سنوورانەوە هاتبوونە ئەوروپا. زۆرترین ئەو کۆچبەرانەشی لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بە قاچاخ هاتوونەتە ئەوروپا خەڵکی سووریا، ئەفغانستان و تونس بوون."
بەرپرسانی ئەو وڵاتانە رەخنە لە وڵاتانی زلهێزی یەکێتیی ئەوروپا دەگرن بەوەی، ئامادە نین قەیرانی کۆچبەری لە کیشوەرەکە چارەسەر بکەن.
پیتر فیالا، سەرۆکوەزیرانی چیک رایدەگەیێنێت، "ئێمە هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی سەرنجمان لەسەر سیاسەتی گەڕاندنەوە و پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانمان بێت، هەروەها ئەوە گرنگە هاوئاهەنگییەکانمان پتەوتر بکەین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئەو کۆچبەرانە لێوەی دێن."
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ئاماژە بەوە دەکات، "کێشەی کۆچبەران چارەسەری هەیە، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا نایەوێت ئەو کارە بکات."
بەگوێرەی ئاژانسی فرۆنتێکس، ساڵی رابردوو 20 ئۆپەراسیۆنی جیاجیا لەو سنوورانە کراون، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و تووندکردنی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و نزیکەی 2000 پاسەوانیش بە درێژایی سنوورەکان جێگیر کراون.