نەتەوە یەکگرتووەکان: بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە جیهان ریکۆردی شکاندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەندێک کەس ئەفغانستان بە سەبەتەی مادە هۆشبەرەکانی جیهان ناودەبەن. بەپێی هەندێک داتا 80%ی مادەی هۆشبەری جیهان لە ئەفغانستان بەرهەمدەهێندرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت؛ بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر لە جیهان ریکۆردی شکاندووە و ئەفغانستان بەرپرسی سەرەکییە.
 
مارکوس پۆتزل، جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان رایدەگەیێنێت، "لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کار دەکەین کە ئامادەن رووبەڕووی گەشەسەندنی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان ببنەوە، بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر، بازرگانی و بەکارهێنانیشی لەسەر ئاستی جیهان زیادی کردووە و بە دڵنیاییەوە ئەفغانستان بەرهەمهێنەری سەرەکییە."
 
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر ئاستی جیهان 296 ملیۆن کەس جۆرە جیاکانی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، 13 ملیۆنیان گەیشتوونەتە قۆناخی مەترسیدار، کە تێیدا دەرزی لە خۆیان دەدەن.
 
وڵاتانی رۆژئاوا داوا لە تاڵیبان دەکەن، هەڵمەتێك بۆ لەنێوبردنی ئەو بازرگانییە دەستپێبکات؛ بەڵام نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مادەی هۆشبەر لە ئەفغانستان هۆشداری لەو هەنگاوە دەدات.
 
ئانوبها سوود، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مادەی هۆشبەر لە ئەفغانستان دەڵێت، "ئەگەر قەدەخە بکرێت ئەوا تەنیا جووتیارە داماوەکە لەنێودەچێت، نە دەسەڵاتدار و نە بازرگانەکان زیانیان بەرناکەوێت، پێویستە سەرەتا ژیانی خەڵک دابین بکرێت، ئینجا قەدەخە بکرێت، خەڵکێكی زۆر هەیە ژیانی لەسەر ئەو کارەیە."
 
مەزار شاهـ، جووتیاری ئەفغانستان یەکێك بوو لەو 120 هەزار کەسەی کە بژێوییان لەسەر چاندنی مادەی هۆشبەری ئەفیوون بوو، ئێستا وازی هێناوە و خەریکی چاندنی بامیەیە، دەڵێت، "هەژارییە، برسێتییە، ئەم بامیەیە بە حاڵ ژیانمان دابین دەکات، ئەگەر ئێوە پشتگیریی ئێمە بکەن لە کشتوکاڵ، 100 ساڵی دیکەش لە چاندنی ئەفیوون نزیک نابینەوە."
 
بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدرێت لە ناوەندی تایبەت چارەسەری پزیشکی و دەروونی بۆ ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر بدۆزرێتەوە؛ بەڵام لە وڵاتێکی 40 ملیۆن کەسی کە سەرووی 3.5 ملیۆنیان ئالوودەن، چارەسەرەکان قورس دەبن، بەتایبەتی کە مادەی هۆشبەر سەرووی 15%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی پێکدەهێنێت.