کۆشکی سپی: بە رووسیامان گوتووە پەیوەندیمان بە یاخیبوونەکەی ڤاگنەرەوە نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی مۆسکۆ دەیانەوێت نەخشەڕێگەی قۆناخی ئاییندەی رووسیا لەدوای رووداوی یاخیبوونەکەی ڤاگنەر بکێشنەوە؛ بەڵام پووتین تەنیا ئامانجی ئەوەیە، پەیامێکی روون بگەیێنێتە سەرکردایەتیی ڤاگنەر و وڵاتانی رۆژئاوا.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئەمە بە تەواوی ئەو ئەنجامە بوو کە دووژمنانی رووسیا دەیانویست، ئەویش؛ براکوژی بوو. هەردوو نازییە نوێیەکان لە کیێڤ و سەرپەرشتیارە رۆژئاواییەکانیان و هەموو خیانەتکارە ناوخۆییەکان، دەیانویست سەربازانی رووسی یەکدی بکوژن و کەسانی سەربازی و سڤیل بکوژن. تاوەکو لە کۆتاییدا رووسیا شکست بهێنێت و کۆمەڵگەکەمان دابەش ببێت و لەنێو شەڕی خوێناویی نێوخۆییدا بخنکێت."
 
راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، رۆژێک پێش یاخیبوونە سەربازییەکەی گرووپی ڤاگنەر لە 24ی حوزەیراندا، بەرپرسانی دەزگەکانی هەواڵگریی ئەمریکا لە پێنتاگۆن و کۆشکی سپی و کۆنگرێس کۆبوونەتەوە بەوەی رەنگە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوخۆی رووسیا رووبدات؛ بەڵام لەپێش پەردە ئەمریکا هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
 
جۆن كێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی دەڵێت، "بۆ هەموو هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان روونکردەوە کە ئەمریکا بەشدار نەبووە و لەو جۆرە رووداوانە بەشدار نابێت و وەکو پرسێکی ناوخۆیی رووسیا تەماشای دەکەین. هەمان پەیاممان بە رووسییەکانیش گەیاند لە رێگەی کەناڵی دیپلۆماسیی گونجاوەوە؛ بەڵام جارێ زووە کە لەدوای رووداوەکانی کۆتایی ئەم هەفتەیە، بزانیت ئاییندەی گرووپی ڤاگنەری چی لێدێت، یان بەڕێز پریگۆژین چی بەسەر دێت وەکو سەرکردایەتیی ئەو گرووپە."
 
سەرۆکی ڤاگنەر دەڵێت، بۆ پاراستنی ئاییندەی گرووپەکەی ئەو رێگەیەی هەڵبژارد و تەنیا نزیکەی 200 کیلۆمەتر چەکدارەکانی لە کۆشکی کرێملن نزیکبوونەوە، وڵاتانی رۆژئاواش دەڵێن سەرەڕای ئەوەی یاخیبوونەکە ماوەیەکی کەمی خایاند، بەڵام ئاماژەیەکی روونە کە درز لە نێوخۆی رووسیادا دروستبووە و ئێستاش هەموویان چاوەڕێن تاوەکو بزانن جووڵەی داهاتووی گرووپی ڤاگنەر و سەرۆکەکەی چی دەبێت.