رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی یەکەم هەڵسەنگاندنی حکومەتی بەریتانیا، خەرجی دیپۆرتکردنەوەی هەر کۆچبەرێک بۆ رواندا، زیاتر لە 215 هەزار دۆلار لەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە دەکەوێت.
رۆژی سێشەممە، 27ی حوزەیرانی 2023، حکومەتی بەریتانیا یەکەم هەڵسەنگاندنی بۆ خەرجییەکانی بەرنامەی رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ رواندا لە ئەفریقا کرد. بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنە، زیاتر لە 215 هەزار دۆلار تێچووی هەر کۆچبەرێکە ئەگەر رەوانەی رواندا بکرێت.
بەگوێرەی بەرنامەی ریشی سووناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، حکومەت دەیەوێت بە هەزاران کۆچبەر رەوانەی رواندا بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئەو دوو وڵاتە و وەکو رێگەیەکیش بۆ کەمکردنەوەی شەپۆلی کۆچبەران کە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە روو لە بەریتانیا دەکەن.
ساڵی رابردوو، لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سووناک رایگەیاند رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی کۆچبەران یەکێک دەبێت لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتەکەی.
بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنە، هەر کۆچبەرێک رەوانەی رواندای بکەیت، وەکو یەکەم هەنگاو زیاتر لە 133 هەزار دەدرێت بە رواندا بۆ ئەوەی وەریانبگرێت، هەروەها 28 هەزار دۆلار بۆ کرێی فڕۆکەکەی، 22 هەزار دۆلاری خەرجی پرۆسەی یاسایی هەر کۆچبەرێک دەبێت کە لە بەریتانیاوە دەگوازرێتەوە بۆ رواندا.
لەوبارەیەوە، سوێلا براڤەرمان، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە ئەو خەرجییە زۆرە بەراورد بکرێت لەگەڵ کاریگەرییەکانی ساردکردنەوەی کۆچبەرانی دیکە، کە دەیانەوێت روو لە بەریتانیا بکەن.
هەروەها وەزیری نێوخۆ دەڵێ، ئەو بڕەش "زۆر کەمترە" لەوەی ئێستا لەسەر حکومەتە بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوەی کۆچبەران و رایگەیاندووە ساڵانە ئەو کارە نزیکەی 11 ملیار پاوەند لەسەر حکومەت دەکەوێت.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 29ی حوزەیران، دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بڕیاری کۆتایی لەسەر یاساییبوون یان نایاساییبوونی بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا بدات.
بڕیاربوو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو یەکەم گەشتی رەوانەکردنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا بکرێت، بەڵام لەلایەن دادگەی باڵای مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپاوە بە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" بڕیاری لەسەردرا و گەشتەکە راگیرا.
لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، دادگەی باڵای لەندەن، بڕیاری یاساییبوونی بەرنامەکەی دا، بڕیارەکە لەلایەن چەندین رێکخراو و کۆچبەری وڵاتانی وەکو سووریا، عێراق، سوودان، ئێران و ڤێتنامەوە تانەی لێدراوە کە دژی مافەکانی کۆچبەرانە.
ساڵی رابردوو، چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لە رێگەی بەلەمەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر بە نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ