گالەری

رووداو دیجیتاڵ

حاجییان ئەمڕۆ (سێشەممە، 9ـی ذو الحجةی 1444ـی کۆچی)، چوونەتە سەر کێوی عەرەفە، لە رۆژێکدا کە بەپێی ئایینی ئیسلام "باشترین رۆژە خۆری تێدا هەڵاتبێت"، بۆیە لە بەرەبەیانەوە روودەکەنە سەر کێوی عەرەفە و تاوەکو ئێوارە دەمێننەوە، تێیدا نوێژ و نزا دەکەن و قورئان دەخوێنن.
 
دوای خۆرئاوابوون، حاجییەکان دەگەڕێنەوە موزدەلیفە کە 17 کیلۆمەتر لە کێوی عەرەفەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە، بۆ سبەی چوارشەممە بەرەو مینا بەڕێدەکەون، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا دەست بە "رەجمکردنی شەیتان" دەکەن.
 
ئەمساڵ، حەج بەبێ هیچ بەربەستێک لەبەردەم ژمارە و تەمەنی حاجییەکان دەکرێت، کە یەکەمجارە دوای سێ ساڵ لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا. وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ ریکۆردێکی مێژوویی تۆمار بکات و بۆ یەکەمجار 2.5 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە حەج بکەن. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە حەجی پێشوو، 899 هەزار کەس حەجیان کرد، کە 780 هەزاریان لە دەرەوەی سعودیەوە روویان لە ماڵی خوا کردبوو، ساڵی 2021 تەنیا 60 هەزار کەس و ساڵی 2020ـیش بەهۆی کۆرۆنا تەنیا نزیکەی 10 هەزار کەسی دانیشتووی سعودیە رێگەیان پێدرا حەج بکەن.
 
زۆربەی مەناسیکەکانی حەج لەدەرەوەن، لەژێر خۆرەتاوێکی بەهێز، کە بەپێی سەنتەری کەشوهەوای نیشتمانیی سعودیە، پلەی گەرما لە مەککە لەماوەی رۆژانی حەجدا لەنێوان 43 بۆ 45 پلەی سیلیزی دەبێت.
 
عەرەفە، یان عەرەفات تاکە شوێنی حەجە کە دەکەوێتە دەرەوەی حەرەم و دەرەوەی شاری مەککە، ئەو کێوە بەرزییەکەی 300 مەتر دەبێت. ئەمڕۆ بەهۆی زۆریی ژمارەی حاجییانەوە کە بە جلوبەرگی سپییەوە حەج دەکەن، سپی دەچێتەوە.