دوای رووداوەکەی نەرویج هۆشداریی لە بڵاوبوونەوەی رەگەزپەرستی دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای هێرشەکەی ناوەندی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، بەشێکی خەڵکەکە ترسیان لە کۆبوونەوەی جەماوەری هەیە. بەو پێیەی ئەو دوو کەسەی لە رووداوەکەدا کوژران، هاوڕەگەزخوازبوون، هەموو گردبوونەوەیەک و فێستیڤاڵێکی تایبەت بەوان هەڵوەشێندراوەتەوە.
سیگرون ئێریکستۆڤتۆڤاپس، دانیشتووی ئۆسلۆ دەڵێت، "ئەمە کاریگەریی لە بەشێکی زۆری خەڵکی کردووە، کاریگەرییەکە بە جۆرێکە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی هەستدەکەن ناتوانن بەو جۆرەی کە پێویستە بژین."
بەگوێرەی پۆلیس، ئەنجامدەری هێرشەکە، "کەسێکی کوردی موسڵمانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە." پۆلیسی ئۆسلۆ دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکە رەتیکردووەتەوە قسە لەسەر پاڵنەری پشت هێرشەکە بکات.
بۆرج ئێنۆکسێن، ئەفسەری پۆلیس رایگەیاند، "ئەوە پرسێکی گرنگە بۆ ئێمە کە لێکۆڵینەوە لە پاڵنەری پشت رووداوەکە بکەین. پێشبینی رەگەزپەرستی، ئیسلامی و تووندڕەوی دەکەین. تەندروستیی دەروونیش دەکرێت پەیوەندی هەبێت. دەکرێت کۆکراوەیەک لە هەموو ئەمانەش بێت."
لە دوای ئەو رووداوە، ترسی ئەوە هەیە دانیشتووانی نەرویج بە چاوێکی دیکە لە کورد و موسڵمانانیش بڕوانن. سەرۆکی نەرویجیش ئەوە ناشارێتەوە کە هەستێکی لەوجۆرە خەریکە دروستدەبێت.
یۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی نەرویج ئاماژەی بەوە کرد، "پەیامی پۆلیس گرنگە کە دەبێت ئێمە بچینەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆمان و هۆشیاربین. موسڵمانان نیگەرانن لەوەی بەچاوێک سەیربکرێن کە هاوبەشی ئەم تاوانەن، بەڵام ئەوان هاوبەشی تاوانەکە نین، بەڵکو بەشێکی فرەچەشنەیی نەرویج پێکدەهێنن."
بەگوێرەی پەیمانگەی کوردی پاریس، 25 بۆ 30 هەزار کورد لە نەرویج دەژین. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانیش، لانیکەم 170 هەزار موسڵمان لەو وڵاتەدا دەژین.