گوتەبێژی خۆبەخشانی ئۆکراینا: بەشێک لە خۆبەخشانمان لەنێو یەپەگە لە سووریا شەڕیان کردووە

27-06-2022
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیمیەن ماگروو، گوتەبێژی یەکەی خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرگریکرن لە ئۆکراینا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیمیەن ماگروو، گوتەبێژی یەکەی خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرگریکرن لە ئۆکراینا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سەرەتایی دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشی نێودەوڵەتیی روویان لە ئۆکراینا کردووە تاوەکو شەڕ بۆ ئەو وڵاتە بکەن. گوتەبێژی یەکەی خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرگریکرن لە ئۆکراینا دەڵێت، خۆبەخشان لە 55 وڵاتەوە چوون بۆ ئۆکراینا و زۆرینەیان خەڵکی ئەوروپا و ئەمریکان. 
 
دەیمیەن ماگروو، گوتەبێژی یەکەی خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرگریکرن لە ئۆکراینا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئۆکراینا پێشکێشی کرد باسی لە ژمارەی ئەو وڵاتانە کرد کە خۆبەخشەکان لێیەوە چوونەتە ئۆکراینا، ئایا چیچانییەکان پشتگیری ئۆکراینا یان رووسیا دەکەن؟، ژمارەی خۆبەخشەکان زیاد دەکات یان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، دەستکەوتی سەربازیی خۆبەخشان لە شەڕەکەدا چییە؟، ئایا خۆبەخشەکان ئەزموونی سەربازییان هەیە یان نا؟
 
لەبارەی ئەزموونی شەڕی خۆبەخشەکانەوە، دەیمیەن ماگروو دەڵێت، "هەندێ لە خۆبەخشانمان پێشتر لە سووریا شەڕیان کردووە لەنێو ریزەکانی یەپەگە، لەبەرەی کوردستان و کوردانی سووریا.. ئێمە وەریاندەگرین چونکە دەزانین ئەزموونێکی زۆر گرنگی شەڕیان هەیە، ئەوەش بۆ ئێمە مەرجێکی سەرەکییە." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیمیەن ماگروو، گوتەبێژی یەکەی خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرگریکرن لە ئۆکراینا: 
 
رووداو: ئایا ژمارەی خۆبەخشانی بیانی بۆ بەرگریکردن لە ئۆکراینا چەندە و بە دروستی لە کوێوە هاتوون؟
 
دەیمیەن ماگروو: بەداخەوە ناتوانم باسی ژمارەی خۆبەخشان بکەم. لەسەرەتای شەڕەوە پەیڕەویمان لەم سیاسەتە کردووە. دەتوانم بڵێم خۆبەخشان لە هەموو کیشوەرەکانەوە هاتوون. دواجار کە سەیری لیستەکەم کرد، خۆبەخشان لە 55 وڵاتەوە هاتوون. زۆرینەیان خەڵکی ئەوروپا و ئەمریکان. دوو وڵات کە زۆرترین خۆبەخشیان لێوە هاتوون ئەمریکا و بەریتانیان. دوای ئەوانیش کەنەدا و پۆڵەندان. 
 
رووداو: ئایا هیچ کەس لەوانە لە وڵاتانی ئیسلامییەوە هاتوون؟ 
 
دەیمیەن ماگروو: هەندێ کەس دەناسم کە لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە هاتوون. خۆبەخشمان هەن کە لە میسڕەوە هاتوون. پێموایە کەسێکی ئەردەنیشم بینیوە. کەواتە چەند کەسێک لە وڵاتانی عەرەبییەوە هاتوون.
 
رووداو: ئایا خۆبەخشان زۆربەیان ژنن یاخود پیاو؟
 
دەیمیەن ماگروو: ئەوە یەکەیەکی سەربازییە بۆیە پێموانییە مایەی سەرسامی بێت بۆ کەس کە زۆرینەی خۆبەخشان پیاون.
 
رووداو: لە سەرەتای شەڕەکەوە بینیمان چیچانییەکان بۆ رووسیا شەڕ دەکەن، بەڵام وا دیارە ئێستا هاوکاری سەربازانی ئۆکراینی دەکەن؟
 
دەیمیەن ماگروو: دەبێ جیاوازی بکەین لە نێوان چیچانییەکان، ئەو چیچانییە راستەقینانەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەژێر سەرکوتکاری رووسیادا ژیاون، پشتگیری ئۆکراینا دەکەن. ئەو چیچانیانەش کە بۆ حکومەت کاردەکەن لە کۆماری چیچان، ئەوانەی سەر بە قادرۆڤن، ئەوانە چیچانیی راستەقینە نین. خیانەتکارن لە گەلی خۆیان. ئێمە پێیان دەڵێین قادرۆڤی. ئەوان چیچانیی راستەقینە نین، خیانەت لە چیچان دەکەن. من وای دەبینم زۆربەی خەڵکی چیچان پشتگیری ئۆکراینا دەکەن. 
 
رووداو: ئایا خۆبەخشەکان جیاواز لە ئۆکراینییەکان شەڕ دەکەن، یاخود لەنێو سەربازانی ئۆکراینادان؟
 
دەیمیەن ماگروو: یەکەی خۆبەخشانی نێودەوڵەتی بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا. وەک ئەفسەری ئۆکراینین و لەنێو یەکە سەربازییەکانی ئۆکراینا شوێنمان کراوەتەوە. لەنێو یەکەی سەربازیی گەورە. بێگومان ئێمە فەرمانی ستافی جەنەڕاڵەکانی ئۆکراینا جێبەجێدەکەین. بەشێکین لە هێزە چەکدارەکان. 
 
رووداو: ئایا ئێستا ژمارەی خۆبەخشان بەرەو زیادبوونە یاخود ژمارەیان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت؟
 
دەیمیەن ماگروو: لە دەستپێکدا سەرنجی زۆرتر لەسەر شەڕبوو، بۆیە ئەوکات ژمارەیەکی زۆرتر دەهاتن. تێبینیمانکرد لەدوای کارەساتی بووچا هاتنی خۆبەخشان ماوەیەک وەستا. ئێستا هاتنی خۆبەخشان لە ئاستێکی جێگیردایە.
 
رووداو: ئایا ژمارەی کوژراوان لەنێو خۆبەخشاندا چەندە؟ هەروەها چەند لە خۆبەخشان لەلایەن سوپای رووسیاوە دەستگیرکراون؟
 
دەیمیەن ماگروو: بەداخەوە ئێمە ئەو ئامارانەش بڵاوناکەینەوە، سوپای ئۆکراینا سیاسەتێکی هەیە کە ژمارەی کوژراوەکانی بڵاوناکاتەوە. بەمدواییانە کوژرانی چوار خۆبەخشمان راگەیاند کە هەفتەیەک لەمەوبەر لە ناوچەی خارکیێڤ گیانیان لەدەستدابوو، بەڵام ئەوەش پشتراستدەکەمەوە کە ئەو چوار کەسە تەنیا کەسیی بیانی نین کە لەم شەڕەدا گیانیان لەدەستدابێت. بەپێی هەلومەرجەکان ئێمە ناتوانین هەموویان رابگەیێنین.  
 
رووداو: زۆر کەس پێیانوایە ئەم شەڕە شەڕێکە لەنێوان رۆژئاوا و رووسیا، ئێوە چۆن دەیبینن؟
 
دەیمیەن ماگروو: پێموایە زۆرترە لەوە. پێموایە شەڕێکە لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و دژی دیکتاتۆرییە، دژی تۆتالیتاریزم و ئیمپڕیالیزم و فراوانخوازییە. زۆر بەها کە لەم شەڕەدا مەترسییان لەسەرە، بەهای گەردوونین. شەڕەکە تەنیا لەبارەی ئۆکراینا و رووسیا نییە. هەروەها شەڕەکە لەبارەی مافی وڵاتێکی بچووکە کە دەیەوێ بە ئاشتیانە لە تەنیشت دراوسێیەکی گەورە بژی. لەبارەی دیموکراسییەکە کە مافی هەیە رێگەی بەرەوپێشچوونی خۆی دیاریبکات، نەک لەلایەن دراوسێ گەورەکەیانەوە پێیان بگوترێ کە پێویستە چی بکەن. بۆیە پێموایە ئەم شەڕە گەورەترە لەوە. بەڵام بێگومان شەڕی گەلی ئۆکراینایە دژی ئیمپڕیالیزمی رووسی کە دەیەوێ دووبارەی دەستی بەسەردا بگرێتەوە لەبەر ئەو شتەی کە پێی دەگوترێ ترس لە کاریگەری. ئەم چەمکانە هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی 19. پێموایە هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ وەک بەشێک لە خۆبەخشانی نێودەوڵەتی شەڕ بۆ ئۆکراینا دەکەن، لەپێناو بەرگریکردن لە بەهاکان دەیکەن کە ئۆکراینا 10 ساڵ زیاترە دەستی پێوەگرتوون. بڕیاریداوە رووی لە ئەوروپا و لە دیموکراسی بێت، بەڵام ئەم شەڕە زۆر پەیوەست نییە بە نێوانی ئەوروپا و رووسیا یان ئۆکراینا و رووسیا. ئەم ملاملانێیە زۆر گەورەترە لەوە. شتی زۆرتر لەژێر مەترسیدان. 
 
رووداو: بێگومانم کۆبانێت بیستووە لە رۆژئاوای کوردستان، زۆر لەو خۆبەخشانەی چوون بۆ کۆبانێ، خاوەنی ئایدۆلۆجیای چەپ بوون، ئایا خۆبەخشان لە ئۆکراینا هیچ ئایدۆلۆجیایەکی تایبەتیان هەیە یاخود نا؟
 
دەیمیەن ماگروو: من تێبینی بوونی هیچ ئایدۆلۆجیایەکم نەکردووە لەنێو خۆبەخشاندا. لەڕاستیدا زۆر بە دەگمەن باسی سیاسەت دەکەین وەک ئایدۆلۆجیایەکی سیاسی. باسی سیاسەت دەکەین لەنێوەڕۆکی دیپلۆماسی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، بەڵام بە تەواوی هەڵە دەبێت کە خۆبەخشان هەڵگری ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراوبن. خۆبەخشم بینیوە خاوەن ئایدۆلۆجیای چەپ، هەشیانە راستڕەون، بەڵام هیچ کامیان زۆرینە نین. 
 
رووداو: ئایا خۆبەخشان چ جۆرە راهێنانێک وەردەگرن و کێ راهێنانیان پێدەکات؟
 
دەیمیەن ماگروو: ئێمە وەک یەکەی خۆبەخشانی نێودەوڵەتی تەنیا ئەو کەسانە وەردەگرین کە ئەزموونی شەڕیان هەیە، ئەو کەسانەی کە پێشتر مەیدانی شەڕیان بینیوە. زۆرینەی خۆبەخشان ئەزموونی شەڕیان هەیە لە ئەفغانستان و عێراق. ئەوان شارەزای مەیدانی شەڕن. بیرۆکەی وەرگرتنی ئەو کەسانەی ئەزموونی شەڕیان هەیە بۆ ئەوەیە کە بتوانین بە خێرایی بیانخەینە ئەرکەوە. لەبەر ئەوەیە ئێمە مەشق و راهێنانی تەواویان پێشکێشناکەین. چونکە ئەوانە وەردەگرین کە ئەزموونیان هەیە. ئەوەی پێشکێشیان دەکەین ئەوەیە بۆ ماوەی هەفتەیەک یاخود دوو هەفتە دەیانخەینە نێو یەکەیەکی سەربازی بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوکارە نوێیەکانیان خۆیان رابهێنن. بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی هەبێت لە تیمەکەدا. کەواتە کەمێک کاتیان لەبەردەستە، بەڵام مەشقی سەربازی تەواویان پێناکەین، چونکە کاتمان بۆ ئەوە نییە.
 
رووداو: ئایا هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا، دەگەنە خۆبەخشان، چونکە پێموابێ گرفتی ئەوەتان هەیە بەدەستتان ناگەن؟
 
دەیمیەن ماگروو: با سەیری بکەین، ئێستا لە ئۆکراینا هەموو شتێک کەموکورتی هەیە، کەمی چەک، کەمی تەقەمەنی، کەمی تۆپخانە، کەمی سیستمی دژە ئاسمانی. بۆیە مایەی سەرسامی نییە کە بۆ زۆر کەس دەردەکەوێت ئەو شتانە بەردەست نین. راستییەکە ئەوەیە چەکی زۆر هاتوون، زۆری دابەشکراون. پشتڕاستیشی دەکەمەوە خۆبەخشانمان هەر لە سەرەتای شەڕەوە بەو چەکانە شەڕیان کردووە کە لە وڵاتانی رۆژئاواوە بەدەستمان گەیشتوون. خۆبەخشان مووشەکی سەرشان و دژە تانک بەکاردەهێنن. بڕی ئەو چەکەمان لەبەردەست نییە کە خوازیارین، بەڵام دەبێ ئەوە بەکاربهێنین کە لەبەردەستمانە. 
 
رووداو: گەورەترین دەستکەوتی سەربازیی خۆبەخشان لەم شەڕەدا چییە؟
 
دەیمیەن ماگروو: ئەگەر مەبەستت یەکەی خۆبەشانی نێودەوڵەتییە، گەورەترین دەستکەوتیان لەسەرەتای شەڕەوە ئازادکردنی شاری ئێرپین بوو. لەوێ خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە ئازادکردنی شارەکەدا. هەندێ فەرماندە کە لەو شەڕەدا بەشداربوون پێیان گوتم، خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی نیوەی شارەکەیان ئازادکرد. نازانم ئەوە راستە یاخود نا، بەڵام ئێرپین ئەو شوێنەیە کە بەوە ناسراوە رۆڵی خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی لە ئازادکردنیدا هەبووە. 
 
رووداو: ئایا خۆبەخشان ئەزموونی سەربازییان لەنێو سوپای وڵاتەکانیان هەیە یاخود هیچ ئەزموونێکی سەربازییان نییە؟
 
دەیمیەن ماگروو: مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی خۆبەخشان ئەوەیە ئەزموونی شەڕیان هەبێت، واتە پێشتر بەشداری شەڕیان کردبێت. زۆربەی خۆبەخشان سەربازی خانەنشینی سوپاکانی وڵاتەکانیانن، بەڵام خۆبەخشیشمان هەیە کە ئەزموونی سەربازی لەنێو سوپای وڵاتەکەیدا نەبووە. هەندێ لە خۆبەخشانمان پێشتر لەنێو شەڕی دیکەدا خۆبەخش بوون. هەندێ لە خۆبەخشانمان پێشتر لە سووریا شەڕیان کردووە لەنێو ریزەکانی یەپەگە، لەبەرەی کوردستان و کوردانی سووریا. ئەوانە ئەو کەسانەن رەنگە لە وڵاتی خۆیان نەچووبنە نێو سوپا، بەڵام ئێمە وەریاندەگرین چونکە دەزانین ئەزموونێکی زۆر گرنگی شەڕیان هەیە، ئەوەش بۆ ئێمە مەرجێکی سەرەکییە.
 
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بووی. 
 
دەیمیەن ماگروو: سوپاس بۆ ئێوەش.. ئازادی بۆ کوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.