کۆلۆمبیا؛ پرۆسەی چەکدانانی بزووتنەوەی فارک کۆتاییهات

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 27-6-2017 لە رێوڕەسمێکدا پرۆسەی چەکدانانی بزووتنەوەی فارک لە کۆلۆمبیا کۆتاییهات. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، حەوت هەزار و 132 چەک لەو بزووتنەوە چەکدارییە وەرگیراونەتەوە.

ئەمڕۆ  لە رێوڕەسمێکدا کۆتا قۆناخی دانانی چەک لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی فارک لە کۆلۆمبیا کۆتاییهات. هەریەکە لە خوان مانوێل سانتۆس، سەرۆکی کۆلۆمبیا و رۆدریگا لۆندۆنۆ، فەرماندەی هێزەکانی بزووتنەوەی فارک بەشدار بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، قۆناخی وەرگرتنەوەی چەک لە چەکدارانی گرووپی فارک (هێزی شۆڕشگێری چەکداری کۆڵۆمبی) بەسەرکەوتوویی کۆتاییهاتووە، ئەوەش دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتییانەی نێوان حکومەتی کۆڵۆمبیا و چەکدارانی گرووپەکە.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لە 26 ناوەند بۆ وەرگرتنەوەی چەکەکان، حەوت هەزار و 132 چەک وەرگیراونەتەوە.

رۆدریگا لۆندۆنۆ، فەرماندەی هێزەکانی بزووتنەوەی فارک رایگەیاند، لەمەودوا کاری سیاسی لەڕێگەیەکی دیپلۆماسییەوە دەکەن، هاوکات داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد ئەو کەسانە ئازادبکات لەچوارچێوەی دۆسیەی فارک زیندانیکراون.

دوای چەندین ساڵ لە دانوستاندنی ئاشکرا و نهێنی نێوان بزووتنەوەی فارک و حکومەتی کۆلۆمبیا، لە مانگەکانی کۆتایی 2016 توانیان کۆتایی بە شەڕی 52 ساڵەی نێوانیان بهێنن, رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە فارک دەستبەرداری چەک بێت و وەکو پارتێکی سیاسی درێژەی بە خەباتی خۆی بدات. 

یەکێک لەو خاڵانەی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەی نەخێر بۆ رێککەوتن لەگەڵ فارک داوای دەکەن، رێگەنەدانە بە سەرکردەکانی فارک بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی لە داهاتوودا، بەڵام سەرۆکی کۆلۆمبیا ئەوە بە گونجاو نازانێت و دەڵێت، فارک ئامانجی سیاسی هەیە و ناکرێت رێگری لە کاری سیاسیان بگیرێت.

داڕشتنەوە: حەکیم داود