رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی بایدن جارێکی دیکە داوا لە ئیسرائیل دەکات هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززە. ئەمەش لەدوای هێرشەکەی شەوی یەکشەممەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی سڤیل لە رۆژئاوای شاری رەفەح کە بووە هۆی کوژرانی 45 کەس و برینداربوونی 249 کەسی دیکە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر بەو هێرشەی ئیسرائیل کە کاردانەوەی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و داوا دەکات خەڵکی سڤیل بپارێزێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ: "ئێمە بەردەوام لەگەڵ سوپای ئیسرائیل و هاوبەشەکانمان لەسەر هێڵین، تاوەکو وردەکاریی تەواوی رووداوەکە بزانین. بەڵام ئەو وێنە تاسێنەرەکانی لەدوای هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل، کە بووە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیلی فەلەستینی، ناخهەژێنە."
لەدوای راگەیێندراوەکەی ئەمریکا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئەو هێرشەوە دەستپێکردووە. ئاشکراشی کرد، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری ئەو هێرشەیان کردووە و زانیاریان هەبووە دوو سەرکردەی حەماس لەو شوێنەدا بوون و لە هێرشەکەشدا هەردوو سەرکردەکە کوژراون، بەڵام زانیاری زیاتری لەسەر دوو سەرکردەکە ئاشکرا نەکردووە.
لە راگەیێندراوەکەیاندا، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا گوتی: "ئیسرائیل مافی خۆیەتی هەوڵی لەنێوبردنی حەماس بدات و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمەش دوو لە سەرکردەکانی حەماس کوژراون. کە بەرپرسیار بوون لە هێرشەکانی سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت ئیسرائیل هەموو توانای بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل."
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی کەرتی غەززە، لەو هێرشەی سوپای ئیسرائیل، لەنێو کوژراوەکان 23یان ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچووان بووە.
هەروەها بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێرشەکەی رەفەحی بە "هەڵەیەکی تراژیدی" ناوبرد و رایگەیاند: "لە رەفەح بە میلیۆن کەسمان گواستووەتەوە بۆ شوێنی ئارام، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانمان، دوێنی رووداوێکی تراژیدی روویدا."
وێڕای فراوانبوونی گوشارەکانی سەر ئیسرائیل نەتەنیاهوو، رایگەیاند هێرشەکانیان لە غەززە بەردەوام دەبێت و گوتیشی: "ئەوان گوشاریان لێکردن نەچینە نێو غەززە، چووین، نەچینە شیفا، چووین، نەچینە خان یونس، چووین، نەچینە رەفەح، چووین. من هەرگیز کۆڵ نادەم و رووبەڕووی گوشارەکانی ناوخۆ و دەرەوەش دەبمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ