دادگاییکردنی ترەمپ کۆتایی دێت و بڕیار لە چارەنووسی دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە 28-05-2024 دادگای نیویۆرک دوایین دانیشتن لەسەر دۆسیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکات و بڕیاری کۆتایی لای دەستەی دادوەران دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ترەمپ کراون ساخ ببنەوە، دەبێتە یەکەم سەرۆکی مێژووی ئەمریکا بەهۆی کەیسێکی تاوانکاری سزا بدرێت.
کەمتر لە شەش مانگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ماوە، شانبەشانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا؛ دۆناڵد ترەمپ تاکە بەربژێری پارتی کۆمارییەکانە و دەیەوێت بۆ خولێکی دیکە بچێتەوە کۆشکی سپی، بەڵام تەگەرەکان زۆرن.
ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی ساڵی 2006 سێکسی لەگەڵ ستۆرمی دانیەڵز، ئەکتەری فیلمی رووتی ئەمریکی کردبێت و لە 2016 سەتان هەزار دۆلاری پێدابێت بۆئەوەی ئەو پەیوەندییە ئاشکرا نەکات. جگە لەو تۆمەتە، 34 کەیسی دیکە لە دادگا یەکلایی دەکرێنەوە؛ لەوانەش هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020.
رۆژی سێشەممە 07-05-2024 ستۆرمی دانیەڵز، بۆ یەکەمجار لە دادگا ئامادە بوو، بۆئەوەی وەکو شایەتحاڵێک قسە بکات. ئەکتەرەکە لە ماوەی قسەکردنیدا وەسفی هەریەک لە "بیجامەی ترەمپ، شۆرتەکەی و جووڵە سێکسییەکانی کرد" و گوتیشی، "کۆندۆمی بەکارنەهێنا."
ستۆرمی ئەوەشی خستەڕوو، "نە بە قسە و نە بە کردار هیچ هەڕەشەیەکی لێ نەکردم. من شەرمەزارم کە قبووڵم کرد و نەمتوانی رەتی بکەمەوە."
ئەگەر تۆمەتەکان لە دژی ترەمپ ساخ ببنەوە، ئەوا بە چوار ساڵ بەندکردن بۆ هەریەک لەو کەیسانە سزا دەدرێت. لەلایەکی دیکە، پسپۆڕانی یاسایی ئەمریکا دەڵێن، ئەگەری بەندکردنی ترەمپ لاوازە و بۆی هەیە سزاکە تەنیا پێبژاردن بێت.
ئەوەی لە بەرژەوەندیی ترەمپە، ئەگەر سزاش بدرێت دەتوانێت لە بانگەشەکانی خۆی بەردەوام بێت و لایەنگرەکانیشی لە تشرینی دوومی ئەم ساڵ دەنگی پێبدەن.
پێنج هەفتەیە دادگای مانهاتن لە نیویۆرک بە کەیسەکەی ترەمپەوە سەرقاڵە و 20 کەسیش گەواهییان بۆ دادگاکە داوە. ترەمپی 77 ساڵ هەمیشە شانازی بەوەوە کردووە کە قسەی ئەو کۆتایی بووە و هەر خۆی سەرۆکە، بەڵام بێدەنگ بوون لە دادگا کارێکی ئاسان نەبووە بۆی. دادگا پێی راگەیاندبوو کە ترەمپ مافی ئەوەی نییە لەبەردەم رای گشتی هێرش بکاتە سەر گەواهیدەرەکان، دەستەی دادوەران و ستافی دادگا؛ بەڵام ترەمپ چەند جارێکە ناتوانێت خۆی بگرێت و بەو هۆیەوە سزای 10 هەزار دۆلار پێبژاردنی بۆ بڕاوەتەوە.
خوان مێرچن، ئەو دادوەرەیە کە ترەمپ لێی ناڕازییە و پێیوایە ئەو "ستەمکار و گەندەڵە". ئەو هەروەها دەڵێت، ئەو دادگاییە پیلانی دیموکراتەکان بووە بۆ ئەوەی پێگەکەی پێش هەڵبژاردن لاواز بکەن. سەرکردە و پلە بەرزەکانی نێو پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا لە چەن رۆژی دوایی زوو زوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ترەمپ لە دادگا ئامادەبوون و لە پشتییەوە وەستان.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان دەڵێت، "ئەم دادگاییکردنانە، هەموویان ئامانجی سیاسییان هەیە. دەستوەردانە لە هەڵبژاردن و ئاماژەیەکیشە بەوەی لایەنی بەرامبەر بێهیوا بوون بەرامبەر سەرۆک ترەمپ و بێهیوابوونی خۆیان سەلماندووە."
مێرچن پێیوایە رۆژی سێشەممە دوایین رۆژی دادگاییکردن دەبێت و دواتر هەموو رێنماییەکان بە دەستەی سوێندخۆران دەدرێت کە 12 کەسن و بڕیارێکی کۆتایی لەبارەوە دەدەن. ئەوەی کە گرنگە، پێویستە هەر 12 سوێندخۆرەکە هاودەنگ و هاوبڕیار بن، لە حاڵتێک یەکێکیان بڕیارێکی دژ بەوانەی دیکە بدات، کۆی بڕیارەکە هەڵدەوەشێتەوە.