بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا ئافرەتێکی باڵاپۆش دەبێتە دادوەر
رووداو - هەولێر
ئافرەتێکی موسڵمانی باڵاپۆش لە بەریتانیا بۆ یەکەمجار دەبێتە دادوەر لە دادگاکانی ئەو وڵاتە و دەڵێ، هیواخوازە ببێتە "پێشەنگ".
رەفیعە ئەرشەد، ئەندامی خانەی دادوەریی سانت ماری لە نۆتینگهام هەفتەی رابردوو نامەی دەستنیشانکردنی وەکو دادوەر وەرگرتووە و دەڵێ "من ئەمە تەنیا وەکو دەستکەوتێکی کەسی نابینم، بەڵکو لەوە گەورەترە بۆ هەرکەسێک کە باکگراوندێکی هەمەچەشنی هەیە".
بەرپرسانی خانەی دادوەرییەکە لەبارەی رەفیعە ئەرشەدی 40 ساڵەوە دەڵێن "ئەو پێشەنگە بۆ سەرکەوتنی ئافرەتانی موسڵمان لە بواری یاسادا".
دادوەرە باڵاپۆشەکە یەکەمین ئەندامی خێزانەکەیەتی کە چووەتە زانکۆ و باس لەوە دەکات کە ئەو شێوازە لە بیرکردنەوەی شکاندووە کە زۆرینەی خەڵک بیری لێدەکەنەوە لەبارەی شێوەی دادوەرانەوە، هەروەها هانی خەڵک دەدات کە "ئامانجی بەرزیان هەبێت".
رەفیعە ئەرشەد ئامۆژگاریی خەڵکانی دیکە دەکات و دەڵێ، نیگەران مەبن لەوەی کە شێوەتان چۆنە، بیرکردنەوەتان بگۆڕن و ئەوە بەدەستبێنن کە دەتانەوێت بەدەستیبهێنن.
رەفیعە شارەزایە لە بواری یاسای ئیسلامیی تایبەت بە خێزان، خاوەنی سێ منداڵە، لەلایەن هاوژینەکەی و خانەوادەکەیەوە پاڵپشتی کراوە، رەخنە دەگرێت لەوەی کە بواری دادوەری هێشتا هەمەچەشن نییە.