دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد

 
رووداو - ئەڵمانیا

پرۆسەی هەڵبژاردنی تورکیا لە ئەڵمانیاوە دەستیپێکرد و دەنگدەرانی تورک و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
 
یەک ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتیی تورک و هاونیشتمانیی باکووری کوردستان لە ئەڵمانیا مافی دەنگدانیان هەیە؛ تاوەکو 9ی مانگی ئایار دەتوانن لە 16 بنکەی دەنگدان لە ئەڵمانیا دەنگ بدەن.
 
زۆنۆی تەمەن 49 ساڵ لەدایکبووی ئەڵمانیایە و مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەیە؛ لە یەکەم رۆژی دەنگداندا لەگەڵ خزم و کەسوکاری چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداریی پرۆسەکەیان کرد.
 
زۆنۆ یەڵماس، دەنگدەری تورکیا دەڵێت، "رۆژانی داهاتوو تاوەکو 9ی ئایار هەموو هاوڕێ و خزم و کەسوکارەکەم بە ئۆتۆمبێلی خۆم دەهێنم بۆ بنکەی دەنگدان، بۆ وڵاتەکەمی دەکەم. گۆڕانکاریی زۆر لە تورکیا روویانداوە، ئێمە بە دڵنیاییەوە ئەوە دەبینین، لە ئەڵمانیا دەژین، بەڵام تورکیا نیشتمانمانە. ئێمە لە پشتی سەرکردەکەمانین، سەرۆک ئەردۆغان."
 
مەریەم گۆگتۆس، دەنگدەری تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، "چەندین ساڵە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکە؛ من دەمەوێت ئەو وەکو سەرۆک بەردەوام بێت و بمێنێت. ئەگەر سەرۆکێکی دیکە بێتە سەر دەسەڵات، بە رای من دۆخی تورکیا زۆر خراپ دەبێت."
 
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا 65%ی دەنگەکان لە ئەڵمانیا بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان بوون؛ ئەمساڵیش لایەنگرانی ئەردۆغان لە ئەڵمانیا دەیانەوێت سەرۆکەکەیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت.
 
رەشاد یاخ مهان خەڵکی باتمانی باکووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا دەژی، بە گوتەی خۆی دەنگ بە رکابەرەکەی ئەردۆغان دەدات بۆئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئەو دەڵێت، جاری یەکەمە دەنگ دەدات و نایەوێت ئەردۆغان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
 
زۆرترین دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە هەرێمی نۆردراینڤێستڤالن دەژین؛ تەنیا لەو هەرێمە نیو ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە گەورەترین بنکەی دەنگدان لە هەرێمەکە لە کاژێر 09:00ی بەیانییەوە تاوەکو 09:00ی شەو دەنگدەران دەتوانن بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە بەربژێرەکانیان بدەن.