وێستگەیەکی پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە بۆشایی ئاسمان دروست دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەیەوێت وێستگەیەکی پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە بۆشایی ئاسمان دروست بکات؛ سووتەمەنی بۆ ئەو مانگە دەستکردانە دابیندەکات کە لە بۆشایی ئاسماندا پێویستیان بە گۆڕینی شوێنەکەیانە.
 
مانگە دەستکردەکان پێش ئەوەی بنێردرێنە بۆشایی ئاسمان پێویستە سووتەمەنیی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، بۆیە کاتێک سووتەمەنییەکەیان تەواو دەبێت، مانگە دەستکردەکانیش ناتوانن کار بکەن.
 
دانیێڵ فەیبەر، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە دەڵێت، مانگە دەستکردەکان لە بۆشایی ئاسمان لە یەک شوێن جێگیر نین و پێویستیان بەوەیە کە شوێنی خۆیان بگۆڕن، بۆیە پێویستیان بە سووتەمەنی دەبێت.
 
فەیبەر بەهۆی زۆریی تێچووی، کارەکە بە "شێتانە" ناودەبات و دەڵێت، "ئەگەر بتوانین لە بۆشایی ئاسمان سووتەمەنی بۆ مانگە دەستکردەکان دابین بکەین، ئەوا مانگە دەستکردەکان هەر بەردەوام دەبن لە کارکردن."
 
کۆمپانیاکە بەنیازە چەندین تانکیی پڕ لە سووتەمەنی بنێرێتە بۆشایی ئاسمان، کە هەریەکەیان چەندین تۆن سووتەمەنییان تێدایە.
 
لەبارەی مەترسییەکانی جێگیرکردنی ئەو سیستمە لە خولگەی مانگ، خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت، جێگیرکردنی سیستمەکە زۆر جێگەی مەترسییە و دەبێت پێش ئەوەی بخرێتەکار لەسەر زەوی و لە بۆشایی ئاسمانیش، تاقی بکرێتەوە.
 
"کێشی کەمتر"
 
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، سوودێکی هەرە گەورەی ئەو سیستمە ئەوەیە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کێشی مووشەکەکان و دەتواندرێت بە ئاسانتر هەڵبدرێنە بۆشایی ئاسمان.
 
خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت، تائێستا 200 تاوەکو 250 مانگی دەستکرد وا دیزاین کراون، کە سیستمی کۆمپانیاکەیان بەکاربهێنن.
 
کۆمپانیاکە 60 کارمەندی هەیە و دەیەوێت 25 کارمەندی دیکەش دابمەزرێنێت و تائێستا یەک تانکیی پڕ لە سووتەمەنی لە بۆشایی ئاسمان جێگیر کردووە.
 
کۆمپانیاکە ساڵی 2019 توانیی بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەیەک لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسماندا بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، دەیانەوێت لە ساڵی 2025 سووتەمەنی بۆ کەشتییە ئاسمانییەکانی حکومەتی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسمان دابین بکەن.
 
جگە لە پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە بۆشایی ئاسمان، چەندین کۆمپانیا دەیانەوێت خزمەتگوزاریی چاککرنەوەی مانگە دەستکردەکان لە بۆشایی ئاسمان پێشکێش بکەن و ئێستا زیاتر لە 130 کۆمپانیا ئامادەکارییان بۆ ئەو کارە کردووە.