کوردێک بە پارێزگاری ناوچەیەکی لەندەن هەڵبژێردرا

 
رووداو دیجیتاڵ

کوردێکی قەزای رانیەی باشووری کوردستان بە پارێزگاری ناوچەی لامبێسی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا هەڵبژێردرا. لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی یاساییدا بە زمانی کوردی و بە جلی کوردییەوە سوێندی خوارد، بەوەش دەبێتە یەکەم کورد لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ببێتە پارێزگاری ناوچەیەکی لەندەن.
 
رۆژی چوارشەممە 26-04-2023 سەرباز بەرزنجی بە پارێزگاری ناوچەی لامبێسی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا هەڵبژێردرا. لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا کە نوێنەری فەرمیی پاشای بەریتانیا و ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسایەتی ئامادەی بوون، سەرباز بە جلوبەرگی کوردییەوە دەرکەوت و سوێندی یاسایی بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی خوارد.
 
سەرباز بەرزنجی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی بە رووداوی گوت، "دڵخۆشم و بەو ئومێدم بتوانم ئەو بەرپرسیارێتییەی پێم دراوە بە دڵسۆزییەوە جێبەجێی بکەم."
 
لەندەن لە 32 ناوچە پێکدێت یەکێک لە ناوچەکان لامبێسە، سەرباز بەرزنجی بە دەنگی 63 ئەندامی شارەوانیی لامبێس بە پارێزگاری ناوچەکە هەڵبژێردرا.
 
سەرباز بەرزنجی، خەڵکی گوندی مەمونداوەیی قەزای حاجیاوایە لە ئیدارەی راپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان. دکتۆرای لە بیناسازیدا هەیە و مامۆستای زانکۆی لەندەنە. ساڵی 2022 لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بەریتانیا بۆ شارەوانییەکان لەسەر لیستی پارتی کار لە لەندەن خۆی بەربژێر کرد و بووە ئەندامی شارەوانیی لەندەن.
 
لە 26ی ئایاری ساڵی 2022 سەرباز بەرزنجی بە جێگری سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی لامبێس لە لەندەن هەڵبژێردرا، ئەوکاتیش بە جلی کوردییەوە بەشداریی رێوڕەسمی وەرگرتنی پۆستەکەی کرد و بە رووداوی راگەیاند، "ئەوەی زۆر خۆشحاڵی کردم، ئەوە بوو لەو رێوڕەسمەدا بە جلوبەرگی کوردییەوە سوێندی یاساییم خوارد."