رۆژنامەیەکی ئەڵمانی: هەوڵی کوشتنی پووتین دراوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاشکرای دەکات، سەرۆکی رووسیا لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بووە، "هەوڵی کوشتنەکەش" لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئۆکرایناوە بووە و ویستوویەتی لە مۆسکۆ پووتین بکوژێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، رۆژی یەکشەممە 23ی نیسانی 2023 دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا هەوڵیداوە بە درۆنێک ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بکوژێت. رووداوەکە کاتێک روویداوە کە پووتین لەنزیک شاری مۆسکۆی پایتەختی وڵاتەکەی سەردانی پارکێکی کردووە، بەڵام درۆنەکە بە دووریی 20 کیلۆمەتر لە شوێنی سەردانەکەی پووتین تێكشکاوە.
لە زاری بەرپرسێكی نزیک لە دەزگای هەواڵگریی ئۆکرایناوە رۆژنامەکە نووسیویەتی، "هەفتەی رابردوو دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەمان زانیاریی پێگەیشت کە پووتین سەردانی پارکێکی نزیک شاری مۆسکۆ دەکات، ئێمەش هەوڵماندا بە درۆنێک بیکەینە ئامانج، بەڵام درۆنەکە بە دووریی 20 کیلۆمەتر لە شوێنی سەردانەکەی پووتین تێکشکا."
ئەو درۆنەی کە بڕیاربوو پووتینی پێ بکرێتە ئامانج لە جۆری کاماکازی بووە و 30 پارچە تەقەمەنیی هەڵگرتووە و کێشەکەی 17 کیلۆگرام بووە.
رۆژی دووشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملن رایگەیاند، پووتین سەردانی دەوروبەری شاری مۆسکۆی نەکردووە و لە کۆشکی کرملنەوە کارەکانی دەکات، بەڵام دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت، ئەو گوتانەی گوتەبێژی کۆشکی کرملن بۆ چەواشەکردنی رای گشتییە.
شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا زیاتر لە 14 مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، ژمارەی کوژراوانی هەردوولا 200 هەزار سەربازی تێپەڕاندووە.