جۆ بایدن بۆ کۆریای باکوور: هێرشی ئەتۆمی بکەنە سەر ئەمریکا و هاوبەشەکانی کۆتاییتان پێدەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی کۆریای باشوور لە واشنتن کۆبوونەوە و بایدن هۆشداریی دایە کۆریای باکوور کە ئەگەر هەر هێرشێکی ئەتۆمی بۆسەر ئەمریکا یان هەر هاوپەیمانێکی بکات، بە سڕینەوەی کۆریای باکوور کۆتایی دێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و یوون سووک یۆڵ، سەرۆکی کۆریای باشوور سەردانی مۆزەخانەیەکیان لە واشنتن کرد، کە نیشانەی پاڵپشتیی بەردەوام و نەبڕاوەی زیاتر لە 70 ساڵی ئەمریکایە بۆ سیئۆل.
بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن، گفتوگۆی دیپلۆماسیی لەگەڵ پیۆنگیانگ ئەنجامێکی نییە و ئێستا دووبارە لەبەردەم هەڕەشەی داگیرکاریی کۆریای باکووردان.
ئامانجی سەردانەکەی یوون سوک یۆڵ بۆ ئەمریکا رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی بوو لە توانای ئەتۆمیی بەشی باکووری نیمچەدوورگەی کۆریا.
یون سووک یوڵ، سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند، "سەرۆک بایدن جەختی لە پابەندیی ئاسنینی خۆی کردەوە بۆ پارێزگاری لە کۆماری کۆریا. هەردوو وڵاتەکەمان لەسەر گفتوگۆی دوو قۆڵیی سەرۆکایەتی رێککەوتین لە ئەگەری هێرشی ئەتۆمیی کۆریای باکوور و بەڵێنمان دا بە تووندی و خێرایی و گشتگیری وەڵامی هەر هێرشێک بدەینەوە بە بەکارهێنانی هێزی تەواوی هاوپەیمانێتییەکە بە چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکاشەوە."
سەردانەکەی یوون بێ ئەنجام نەبوو؛ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڕیاریدا ژێردەریاییەک، کە هەڵگری مووشەکی بالیستیی ئەتۆمییە، بنێرێتە نزیک نیمچە دوورگەی کۆریا، کە لە 43 ساڵی رابردوودا جاری یەکەمە هەنگاوێکی هاوشێوە بنێت.
هاوکات "جاڕنامەی واشنتن"یان راگەیاند کە پێکدێت لە هاوئاهەنگییەکی فراوانتری ئەو دوو وڵاتە لە مەشقی سەربازی و هاوبەشیی هەواڵگری و جووڵاندنی هێز لە کاتی هەبوونی مەترسیدا.
جۆ بایدن دڵنیایی دا، سەرەنجامی هەر هێرشێکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور بۆ سەر ئەمریکا یان هاوپەیمان و هاوبەشانی، بە سڕینەوەی ئەو وڵاتە لەسەر نەخشەی جیهان کۆتایی دێت. سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "هێرشی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوورەوە دژی ئەمریکا یان هاوپەیمان و هاوبەشەکانی قبووڵکراو نییە و دەبێتە کۆتایی هەر رژێمێک کە ئەو کارەی کردووە."
ئێستا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، چین و کۆریای باکوور لە ناوچەی ئیندۆپاسفیک گەیشتووەتە لووتکە. چین لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا دوو مانۆڕی سەربازیی فراوانی بە چواردەوری تایواندا کردووە.
هەروەها کۆریای باکوور ریکۆردی زۆرترین تاقیکردنەوەی مووشەکیی تۆمار کردووە و ئەمریکاش بەردەوام مانۆڕی سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانانی لەو ناوچە ستراتیژییەی جیهاندا دەکات.