هەزار و 222 ماتۆڕسکیل بەسەر سکی یاریزانێکی کاراتیدا تێدەپەڕن


رووداو دیجیتاڵ

لە هیندستان یاریزانێکی کاراتی کارێکی سەرشێتانە دەکات، بۆ ئەوەی ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکات، هەزار و 222 ماتۆڕسیکل بەسەر سکیدا تێپەڕین.
 
یاریزانەکە ناوی رێنشی پرادیپ بابووە، تەمەنی 23 ساڵانە و خەڵکی شاری چێناییە.
 
رێنشی دەڵێت، ساڵی 2009 مامۆستاکەی کێبڕکێیەکی لەنێوانیاندا راگەیاندبوو کە کێ دەتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت هەزار و 222 ماتۆڕسیکل بەسەر سکیدا دەربازبن. لەو ساڵەدا، رێنشی خۆی تاقیکردبووەوە، بەڵام نەیتوانیبوو ریکۆردەکە بشكێنێت، چونکە نەیتوانیبوو بەرگەی زیاتر لە هەزار و یەک ماتۆڕسیکل بگرێت. 
 
ئەو یاریزانە ئەوەی هەر لەدڵدا ماوە کە شکستی هێناوە لە کێبڕکێکەی مامۆستاکەی رایگەیاندبوو، دوای چەندین ساڵ راهێنان و هەوڵدان، ئەمساڵ توانی ریكۆردەکە بشکێنێت.
 
رێنشی بە گوتەی خۆی لە تەمەنی 12 ساڵییەوە یاریی کاراتی دەکات و ئێستا وانە بە زیاتر لە 200 قوتابی دەدات. دەشڵێت لە داهاتوودا قوتابییەکانیشی فێردەکات بۆ ئەوەی ریکۆردەکەی خۆی بشکێنن.