بە بڕیارێکی ترەمپ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا لەکاردەخرێت

27-03-2025
دیار کوردە @diyarkurda
باڵەخانەی دامەزراوەی دەنگی ئەمریکا.
باڵەخانەی دامەزراوەی دەنگی ئەمریکا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیمەیڵێک بۆ ئەو کارمەندانەی دەنگی ئەمریکا رۆشتووە کە بەشێوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو دەزگایە کاریان کردووە. لە ئیمەیڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دەبێت دەستبەجێ هەموو کارەکانت لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رابگریت و رێگەت پێنادرێت بچیتە نێو باڵەخانەکە یانیش سیستمی دەنگی ئەمریکا.
 
ئیمەیڵەکە رۆژی شەممە بەدەستی کارمەندەکان گەیشتووە و زۆربەیانی تووشی شۆک کردووە، بۆیەش هەوڵماندا لەگەڵ بەشێک لە کارمەندانی دەنگی ئەمریکا و بەشی کوردیی ئەو دەزگایە گفتوگۆ بکەین و بزانین کاردانەوەیان لەسەر ئەم هەنگاوە چییە و بەنیازن چی بکەن.
 
رێکار حوسێن، کارمەندی پێشووی دەنگی ئەمریکا دەڵێت: ''دوای 83 ساڵ کارکردنی دەنگی ئەمریکا لەکاتی شەڕ و ئاشتیدا، بەداخەوە داخستنی لە ئێستادا بڕیارێکی لەناکاو بوو، مایەی نیگەرانیی ئێمە بوو وەکو کارمەندانی دەزگاکە، بڕیارەکە کاریگەریی خراپی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش دەبێت، لەسەر کوردیش کاریگەری دەبێت، چونکە لە ساڵی 1991، کۆنگرێس بڕیاریدا بە دامەزراندنی بەشی کوردی."
 
دەشڵێت: "بڕیارەکە راستەوخۆ لەلایەن کۆنگرێسەوە بوو، ئەمەش داننانی حکومەتی ئەمریکا بوو بە گرنگیی دۆزی کوردی لەناوچەکەدا. ئێستا ئێمە چەند هاوکارێکمان سکاڵایەکمان پێشکێش کردووە، خەریکی وەڵامدانەوەی ئەو پاساوانەین کە بەڕێوەبەرایەتی حکومەتی ئەمریکا لەدژی ئێمە بەکاریانهێناوە، زۆر گەشبینن کە دادگا لە بەرژەوەندی ئێمە وەڵام بداتەوە.''
 
بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی کارمەندەکانی ئەو دەزگا میدیایانەی سەر بە حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا بوون، لە نێویاندا رادیۆی فری یورووپ، دەنگی ئەمریکا، ئەلحورە و چەند دەزگایەکی دیکە راستەوخۆ کۆتایی بە کارەکانی بەشی زۆری ئەو زەگایانە هێنا، وەک نموونە دەنگی ئەمریکا – بەشی کوردی لە 15ی ئادارەوە هیچ بابەتێکی دیکەیان بڵاونەکردووەتەوە و دوایین بابەتیشیان بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپە سەبارەت بە دەزگاکەیان.
 
ئەم بڕیارەش کاردانەوەی گەورەی لە نێوخۆی ئەمریکا و لە کۆنگرێسیش دروستکردووە، بەجۆرێک بەشی زۆری دیموکراتەکان لە کۆنگرێس لە دژی بڕیارەکە وەستاونەتەوە و دەیانەوێت پێشی پێبگرن. بەشێک لە کارمەندەکانیش سکاڵای یاساییان لەدژی بڕیارەکە تۆمار کردووە.
 
بێکا بولینت، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت: ''بەدڵنیاییەوە زۆر خراپە. بۆ چەندین دەیە دەبێت دەنگی دیموکراسی و ئازادی بووە لە سەرتاسەری جیهان، هەستدەکەم ئەم ئیدارەیە لەبیری چووە کە ئێمە بۆ هەشتا ساڵ دەبێت متمانە لە نێوان هاوپەیمانەکانمان لەسەرتاسەری جیهان دروست دەکەین، بەڵام خەریکە لە ماوەی دوو مانگدا ئەو متمانەیە لەناو دەبەین، بڕیارێکی دڵشکێنەر، توڕەکەرە و لە دهاتوویەکی دووریشدا وادەکات کەمتر سەلامەت بین.''
 
دەنگی ئەمریکا لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەم بە بڕیارێکی سەرۆک رۆزڤێڵت، لە ساڵی 1942 دامەزرا، لەم دواییەدا بە چل زمانی زیندووی جیهان لە نێویاندا زمانی کوردی خزمەتگوزاریی هەواڵ و میدیایی پێشکێش دەکرد، دەنگی ئەمریکا بەشی کوردیش لە ساڵی 1992 لەدوای یەکەمین جەنگی کەنداو دروستکرا و تاوەکو 15ی ئاداری 2025 لە کارەکانی بەردەوام بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە