لە هۆڵەندا چوار کەس بە سەختی بە چەقۆ بریندارکران

27-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نێوەڕاستی شاری ئەمستردامی هۆڵەندا لە هێرشێکی چەقۆیی، چوار کەس بە سەختی بریندار کران. پۆلیس دەڵێت، کەسێک لە هێرشکارەکەی داوە و برینداری کردووە، پۆلیسیش دەستگیری کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 27-03-2025 گوتەبێژێکی پۆلیسی پایتەختی هۆڵەندا گوتی: "دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاژێر 03:50 [5:50 بەکاتی هەولێر]، لە شەقامی سەینت نیکۆلاسترات رووداوێکی هێرشکردن بە چەقۆ روویدا. چوار کەس بە سەختی بریندارکراون. گومانلێکراوێکیش بە برینداری لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە."
 
پۆلیس لە ئێکس رایگەیاند، لەکاتی هێرشەکە، کەسێک ویستوویەتی هێرشکارەکە رابگرێت و قاچی بریندارکردووە. "ئێستا هێرشکارەکە چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و لە قۆناخی داهاتوو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
 
رووداوەکە لە نزیک گۆڕەپانی (دام) لە نێوەڕاستی ئەمستردام روویداوە و پۆلیس شوێنەکەی داخستووە، هێلیکۆپتەرێک لە گۆڕەپانەکە نیشتەوە و بریندارەکانی گواستەوە.
 
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، هەرچەندە هەموو بریندارەکان گوازراونەتەوە، بەڵام هێشتا هێزێکی زۆری پۆلیس گەمارۆی شوێنەکەیان داوە و چەندین ئەمبوڵانسیش لەوێ لە ئامادەباشیدان.
 
بەگوێرەی میدیای هۆڵەندی، دوای رووداوەکە فێمکە هالسێما، سەرۆکشارەوانیی ئەمستردام، باڵەخانەی شارەوانی جێهێشتووە.
 
پۆلیس داوای لە هاووڵاتییان کردووە ئەوانەی وێنە و ڤیدیۆی رووداوەکەیان گرتووە، بڵاویبکەنەوە بۆ ئەوەی وەکو بەڵگە سوودیان لێ ببینن.
 
میدیای هۆڵەندی قسەی لە شایەتحاڵێک وەرگرتووە و گوتوویەتی: "چەقۆیەکی نزیکەی 10 سانتیمەتریم بینی کە لە پشتی کچێک چەقیبوو."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشەی بۆمبارانکردنی ئێران لە ئەگەری رێکنەکەوتن دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات بەوەی ئەگەر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی رێکنەکەون، ئەوا بۆمبارانی دەکات.