رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور سێ هەزار سەربازی دیکە بۆ رووسیا دەنێرێت و بەردەوامیشە لە ناردنی مووشەک، تۆپ و تەقەمەنی بۆ مۆسکۆ بۆ ئەوەی لە جەنگی دژی ئۆکراینادا بەکاریان بهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئاداری 2025، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، لەنێوان کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بۆ شوبات کۆریای باکوور نزیکەی سێ هەزار سەربازی بۆ پاڵپشتیی رووسیا نارد.
سەرۆکی دەستەی هاوبەشی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور دەشڵێت، پێش ئەو وادەیە، کۆریای باکوور نزیکەی 11 هەزار سەربازی بۆ رووسیا ناردبوو، کە پێشبینی دەکەن چوار هەزاریان کوژرابن یان بریندار بووبن.
سەرۆکی دەستەی هاوبەشی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەش کرد، کۆریای باکوور بەردەوامە لە ناردنی مووشەک، تۆپ و چەک و تەقەمەنی بۆ رووسیا.
بە گوتەی ئەو سەرۆکایەتییە، کۆریای باکوور ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستی، 220 تۆپی 170 ملیمی، 240 هاوێژەری مووشەکی بە رووسیا داوە و ئەگەری زیادبوونی ژمارەکانیش هەیە.
تائێستا هیچ کام لە پیۆنگیانگ و مۆسکۆ تۆمەتەکانی سیئۆلیان پشتڕاست نەکردوونەتەوە، بەڵام پار هەردوولا رێککەوتنێکی هاوبەشی بەرگرییان واژۆکرد، کە رێگە بە هەردوولایان دەدات لەکاتی جەنگدا هەموو هاوکارییەک پێشکێشی یەکدی بکەن.
لە شوباتی 2022ـەوە رووسیا و ئۆکراینا لە جەنگدان. دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵەکان بۆ ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتە چڕبوونەتەوە، بەڵام بەهۆی مەرجەکانی مۆسکۆ و کیێڤەوە تاوەکو ئێستا هەوڵەکان ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ